زۆر كەس پرسیار دەربارەی ئەو خواردنەوەیە دەكەن كە باشترینە لەڕووی تەندروستییەوە بۆ بەیانیان، بۆ دەستكردن بە ڕۆژێكی پڕ لە چالاكی و وزە و دوور لە كێشەكانی هەرس و گرفتە تەندروستییەكانی تر. كەواتە كامانەن ئەو خواردنەوە نمونەییانە؟
گرنگترین ئەو خواردنەوانەی شارەزایان ئامۆژگاریمان دەكەن بە خواردنەوەی لە كاتژمێرەكانی یەكەمی هەستاندا بریتین لە:
ئاو تەنانەت ئەگەر هەست بە تینوێتیش نەكەیت:
شارەزایان كۆكن لەسەر ئەوەی خواردنەوەی ئاو لە بەیانیاندا بەر لە خواردنەوەی هەر شتێكی تر باشترینی ئەوانەیە كە پێشكەشی جەستەتی دەكەین، ئەگەرچی هەندێكجار بێزاركەرە، بەڵام ئاو ئەو خواردنەوەیەیە كە جەستەت پێویستیەتی پاش خەوتنی شەو، دەشكرێت چەند لەتێك لە لیمۆ یان پارچە خەیار و میوەی تر بۆ ئاوەكە زیاد بكرێت.
دووربكەوەرەوە لە دەنگۆ ناڕاستەكان:
هەموو ئەوانەی بەشێوەیەكی بەرفراوان لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا بڵاودەبێتەوە مانای وانییە كە ڕاست بێت. لەكاتێكدا زۆرێك لەو كەسانەی پەیڕەوی سیستمی (كیتۆ) دەكەن كەرە یان هەندێك جۆر لە زەیت دەكەنە ناو قاوەی بەیانیانەوە، ڕای شارەزایانی خۆراك جیاوازە دەربارەی سودی وەها كارێك.
ئەماندا فرانكینی، شارەزای خۆراك دەڵێت، هیچ توێژینەوەیەك پشتیوانی ئەوە ناكات كە خواردنەوەی قاوەی گەرم بە كەرەوە لە بەیانیاندا ببێتە هۆی كەمبوونەوەی كێش یان دەردانی ژەهر لە جەستە.
بۆیە باشترە قاوە بەبێ ڕۆن بخورێتەوە یان قاوەكە بە شەربەتی فرێش بگۆڕدرێت.
چای سەوز:
چای سەوز زۆرێك سودی تەندروستی هەیە بەهۆی بوونی ڕێژەیەكی زۆری دژەی ئۆكسان تیایدا. توێژینەوەكان ئاشكرایانكردووە كە خواردنەوەی چای سەوز تەنها سەرچاوەیەكی خۆراكی نییە بەڵكو دەبێتە هۆی سوتانی چەوریش.
وزەكەت بە شەربەتی سەوزە زیادبكە:
ئەگەر كافاینی بەیانیان زۆر گرنگ نین بۆت، بیر لە گۆڕینی كوپە قاوەكەت بكەرەوە بە شەربەتی سەوزەوات، بەهۆی ئەوەی سەرچاوە خۆراكییەكانی ناو سەوزە و بەتایبەتیش سەوزە گەڵادارەكان وەك تور و سپێناخ دەشێت ببێتە هۆی زیادبوونی وزە و كەمكردنەوەی ماندوێتی جەستە بەهۆی بوونی بڕێكی زۆر ئاسن تیایدا.
گیراوەی مەتتە:
مەتتە بە جێگرەوە تەندروستەكەی قاوە دادەنرێت بەهۆی بوونی ڕێژەیەكی هاوسەنگ لە كافایین و دژە ئۆكسان و ڤیتامین و ترشە ئەمینییەكان تیایدا.
مەتتە لەلای گەلانی ئەمریكای لاتین و بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا زۆرتر بەكاردەهێنرێت و لەئێستاشدا لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا هەیە.