سێ هاوسەری لەدەستداوە و بەهیوای سەلامەتی چوارەمیانە

تاج بیبی و جلوبەرگ و وێنەی هاوسەرەكانی فۆتۆ: Reuters

لەكاتی ماڵئاوایی كردن لە هاوسەری چوارەمی، كە سەربازی ئەفغانییە و بەرەو شەڕی تاڵیبان دەچوو، (تاج بیبی) ترسی ئەوەی هەیە هەمان چارەنوسی سێ هاوسەرەكەی تری كە لە شەڕەكاندا كوژران ڕووبەڕووی ئەمیشیان ببێتەوە.

چیرۆكی ئەو ئافرەتە لەلایەن ئاژانسی ڕۆیتەرز-ەوە بڵاوكراوەتەوە و دەڵێت، نزای (تاج بیبی) لەكاتی ماڵئاوایی لە ئەمینەڵڵای هاوسەری كە بە ئەركێكی سەربازی لە یەكێك لە بەرەكانی شەڕ بۆ ماوەی سێ مانگ دەڕۆیشت نزایەكی سادە بووە كە ئەوەیە بۆ جاری چوارەم هاوسەر مردوو نەبێت و وتی، “ناتوانم ببینم جارێكی تر پێنج منداڵەكەم هەتیو بكەونەوە”.

بیبی تەمەنی 18 ساڵ بووە كاتێك بۆ یەكەمجار هاوسەرگیری لەگەڵ برا گەورەكەی ئەمینەڵڵا، كردووە كە سەرباز بووە.

ئەو وتی ژیانیان بەشێوەیەكی ئاسایی دەڕۆیشت تا ئەوكاتەی هاوسەرەكەی لە جەنگی دژ بە تاڵیباندا كوژرا. پاش چەند مانگێك هاوسەرگیری لەگەڵ برایەكی بچوكیدا كردووە، كە بەهەمان شێوە سەرباز بووە.

لەلای كۆمەڵگای پشتۆن لە ئەفغانستان هاوسەرگیریكردنەوەی ئافرەت لەگەڵ برای هاوسەرە كۆچكردووەكەی دیاردەیەكی باوە، بەهۆی ئەوەی بەپێی كەلتوری ئەوان ناكرێت لە دەرەوەی خێزانەكە هاوسەرگیری بكاتەوە.

بەڵام تەنانەت بەر لەوەی لەسەر ژیانی نوێی ڕابێت، تەرمی هاوسەری دووەمیان بۆ گەڕاندەوە كە لەكاتی بەرگری لە خاڵێكی پشكنیندا پاش هێرشێك لە تاڵیبانەوە كوژرا.

پاش 90 ڕۆژ بیبی ڕەزامەندی لەسەر پێشنیارێكی خەسووی دا بە هاوسەرگیری لەگەڵ كوڕی سێیەمی، كە ئەفسەری پۆلیس بووە، بەڵام پاش چەند ساڵێك ئەویش لە پێكدادانێكدا لەگەڵ تاڵیبان لە 2017 كوژرا.

هەمان ساڵ هاوسەرگیری لەگەڵ ئەمینەڵڵادا كرد، كە وەك برا بچكۆلەیەك ڕەزامەندی لەسەر هاوسەرگیری لەگەڵ هاوسەری سێ براكەی پێشووی و گرتنەئەستۆی ئەركی منداڵەكانی دا.

ڕۆیتەرز لەسەر زاری بیبی-یەوە دەڵێت، “هەندێكجار لۆمەی تاڵیبان و هەندێك جاری دیكەش لۆمەی حكومەتی ئەفغانستان، جارجاریش لۆمەی هێزە بیانیەكان دەكەم، بەڵام زۆرینەی جار لۆمەی خۆم دەكەم بۆ ئەو هەموو ئازارە”.

وتیشی، “ئیسلام فێرماندەكات كەس نەكوژین، بەڵام لێرە لەم وڵاتە هەر كەسێك بێت دەیكوژین.. هەمووان دەكوژین”.

ئەو چەندین جار لە ئەمینەڵڵا پاڕاوەتەوە كە واز لە سوپا بهێنێت، بەڵام هەموو كات هاوسەرەكەی بەڵێنی ئەوەی پێدەدات كە بە سەلامەتی لە ئەركەكەی دەگەڕێتەوە.. ئەویش هیچی بۆ نەماوەتەوە جگە لە پاڕانەوە لە خودا كە بیپارێزێت و بە سەلامەتی بیگەڕێنێتەوە ناویان.

وتیشی، “ژیانم پشت بە زیندوویی مانەوەی هاوسەرەكەم دەبەستێت”.

تاج بیبی لە ناوچەی سادق ئاباد لە هەرێمی كوناری شاخاوی لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان نیشتەجێیە و زۆرینەی كاتەكانی بە چنینی جل بۆ منداڵەكانی و چاودێری و گرنگیدان بە خێزانەكەیان بەسەردەبات كە لە 15 كەس پێكهاتوون و بۆ بژێوی ژیانیش پشت بە موچە 300 دۆلارییە مانگانەكەی ئەمینەڵڵا و مووچەی خانەنشینی هاوسەرە كۆچكردووەكانی دەبەستن.

ئەو كە خۆی بە “چارەڕەش” ناودەبات دەڵێت، “خەڵك یەكجار دەمرێت، بەڵام من واهەستدەكەم سێ جار مردووم”.

 

بابەتی پێشتر

بەم گیراوانە ڕۆژەكەت پڕ چالاكی و وزە بكە

بابەتی دواتر

ناسا: دوو كەشتیوانی ئاسمانی ڕەوانەی سەر مانگ دەكەین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share