وەزیری دەرەوەی عێراق هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل ئاشکرا دەکات

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، لەبارەی سەردانەکەی بۆ فەرەنسا و کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکەی ڕایگەیاند کە گفتوگۆکانمان هەمە لایەنە و گشتگیربوو، فوئاد حسێن باسی لە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی کرد لەگەڵ ئەمریکا و ئەو وڵاتانەشی دژن لەگەڵ ئەمریکا (مەبەست لێی وڵاتی ئێران)ە، هەروەها چاودێری و ئامادەبوونی وڵاتانی جیهان لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراقدا لەزاری وەزیری دەرەوەی عێراقەوە جەختی لێکرایەوە، جگە لەوەی باسی لە هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل خستەڕوو.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی حوڕە کە شەوی ڕابردوو یەکشەممە 20ی ئەیلول بڵاوکرایەوە، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، سەردانەکەی بۆ پاریس و کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکەی لە پەرازوێزی سەردانەکەی ئیمانوئێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و جان ئێف لۆدریان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بووە لە مانگەکانی ڕابردوودا، هەر لەو چوارچێوەیەشدا سەردانی ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانە کۆبووەتەوە.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرای کرد، لە سەردانەکەیدا بۆ پاریس و گفتوگۆکانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، زیاتر باسیان لە بەردەوامی هاوکارییە ئەمنی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات و هاوکاری دارایی فەرەنسا بۆ عێراق بۆ دەرچوون لەو قەیرانەی تێیکەوتووە، هەروەها سەردانی مانگی داهاتووی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ پاریس تاوتوێ کرا.

چاودێریکردنی فەرەنسییەکان لە هەڵبژاردنەکانی عێراق

فوئاد حسێن، لە چاوپێکەوتنەکەیدا وتی، گفتوگۆمان کرد لەبارەی ئامادەبوونی چاودێرانی فەرەنسی و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق، بۆئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردبێت، بۆ چارسەرکردنی ئەو بێ متمانەییەی لەنێوان دەسەڵاتدارانی عێراق و گەلی عێراقیدا هەیە ئەویش بە هەڵبژاردنێکی بێگەرد و دوور لە ساختەکاری.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 کرد و باسی لەوەکرد هەڵبژاردنێک بوو کە کەلێن و ناکۆکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا وایکرد ئەو ناکۆکییانە لە نێوان فراکسیۆنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنەکان و حکومەت بە ڕوونی ڕەنگ بداتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا گەلی عێراق متمانەیان بە سیاسی و دەسەڵاتدارانی ناو حکومەت نەبێت.

داعش

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی عێراق، باسی لە داعش کرد و وتی، داعش بابەتێکی نێودەوڵەتییە نەک تەنها عێراقی، فەرەنساش دەورێکی گرنگی هەیە لە شەڕی دژ بەو ڕێکخراوە وەک چۆن لە ڕابردوودا دەوری کاریگەر و گرنگیان هەبووە لە ڕێگەی، هێزی تایبەت، چەک و تەنانەت ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری لەنێوان دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا داعش ئێستاش لە عێراق بوونیان هەیە و هەوڵێ ڕێکخستنەوەی خۆیان دەدەن.

هۆشدایدا لەوەی ئێستا لە کەمپی هولی باکووری سووریا زیاتر لە 70 هەزار لایەنگری داعش بوونیان هەیە کە پێویستە چاودێری بکرێن کە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دان.

سیاسەتی دەرەوە

لەبارەی سیاسەتی دەرەوە، فوئاد حسێن ئاماژەی بەوەکرد کە لە سەردانەکەی ئەم دواییەیدا بۆ واشنتۆن، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکانیان لەڕووی سەربازییەوە بەشێوەی دیکە، لە بوارەکانی ڕاهێنان، چاکسازی، گۆڕینەوەی زانیاریی ئەمنی و هەواڵگری، هەروەها ڕێککەوتن لەسەر خشتەیەکی زەمەنی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کە ژمارەیان دەگاتە سێ هەزار و 500 سەرباز.

فوئاد حسێن زیاتر وتی، ئەو هەڕەشە و هێرشانەی لەڕێگای کاتوێشاوە دەکرێتە سەر یەکە دیپلۆماسییەکان لە بەغداد بەتایبەت لە ناوچەی سەوز زیان بە هەموو عێراق و عێراقییەک دەگەیەنێت، “بۆ نمونە ئەگەر هێرش بکرێتە سەر فڕۆکەخانەکان و زیانیان پێبگەیەنێت زیانی بە تاک بە تاکی عێراقییەکان گەیاندووە”.

ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل

لە بارەی هەڵوێستی عێراق لەسەر ڕێککەوتنەکانی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل، وەزیری دەرەوەی عێراق وتی، “بەشێوەیەکی جیدیی چاودێری ئەو بابەتە دەکەین، بەڵام عێراق تاوەکو ئێستا بە تەواوی پابەندە بە بڕیارەکانی لوتکەی عەرەبی کە یەکێک لە دانیشتنەکانی لەساڵی 2012 لە عێراق بوو، بە “هەنگاوێکی هەستیار” ناوی برد.

بەڵام بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران، وڵاتەکەی پابەند دەبێت بە پاراستنی هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ وڵاتان، لەگەڵ ئەوەشدا عێراق بەرژەوەندی جوگرافی و ئابووری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی هەیە لەناویشیاندا ئێران، لەلایەکی دیکەشەوە بەرژەوەندی سیاسی و ئەمنی لەگەڵ ئەمریکا هەیە، بۆیە نابێت ئێمە وابکەین کە ململانێ و ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ناو خاکی عێراقدا ڕەنگدانەوەی هەبێت، فوئاد حسێن وای وت.

وتیشی، “هەوڵدەدەین سیاسەتێکی دەرەکی ڕوونمان هەبێت لەگەڵ هەریەکە لە ئێرانی دراوسێ و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا”.

هەروەها وەزیری دەرەوەی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکانی تورکیای کرد بۆ سەر خاکی عێراق و وتی، “دەبێت ڕێز لە سەروەری عێراق بگیرێت، ڕەچاوی ئەوە بکرێت کە عێراق وڵاتێکی ژێردەستە نییە، نیگەرانین لەوەی دەستێوەردانی دەرەکی هەیە لە کاروبارەکانی ناوخۆی عێراقدا”.

بابەتی پێشتر

جیۆکۆڤیچ نازناوی ڕۆمای کراوەی بەدەستهێنا و مێژووی نوسییەوە

بابەتی دواتر

بەم گیراوانە ڕۆژەكەت پڕ چالاكی و وزە بكە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share