گوماندەکرێت تورکیا لە باکوری کوردستانیش چەکی کیمیایی بەکارهێنابێت

بەپێی وتەی پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەپەگە) سوپای تورکیا لەم مانگەدا لە باکوری کوردستان چەکی کیمیایی بەکارهێناوە و چەند ئەندامێکی هەپەگەی شەهیدکردووە.

عەلیجان ئۆنلو، پەرلەمانتاری (هەدەپە) بە ئاژانسی مەزۆپۆتامیای ڕایگەیاندووە، لە ڕۆژی پێنجی ئەم مانگە لە ناوچەی پولور-ی دێرسیم چەکی کیمیایی بەکارهاتووە و هەشت ئەندامی هەپەگە- یەژاستار شەهیدبوون.

ئۆنلو ئاشکرایکردووە، تەرمی ئەو هەشت گەریلایەی هەپەگە گەیەندراونەتە پەیمانگای پزیشکی دادوەریی مەڵاتیا، و لەگەڵ ئەو خێزانانەی کە بۆ وەرگرتنی تەرمەکانیان چوون کۆبووینەوە، خێزانەکان دەڵێن هیچ شوێنەوارێکی گوللـە لەسەر جەستەی شەهیدەکان نەبووە.

ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە وتوشیەتی، “خێزانەکان دەڵێن تەرمەکان ڕەش بوون، پێشتر خێزانەکان وتوویانە دەنگۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی هەیە، بەڵام دەسەڵاتداران پێیان وتوون ‘ئەگەر ئێوە ئەم بانگەشانە بکەن، ئەوا ئێمە تەرمەکانتان پێنادەین’ بۆیە بەناچاریی خێزانەکان وازیان لە بەدواداچوون هێناوە”.

ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە بەگرنگیی دەزانێت لێکۆڵینەوەیەکی ڕێکوپێک لەو دەنگۆیانە بکرێت و دەڵێت” ئێمە دەزانین کە دامەزراوەکانی وڵات لەژێر فەرمانی کۆشکدان و لەبەر ئەوە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی ڕێکوپێک ئەنجامنادرێت، بۆیە بەپێویستی دەزانین نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ئەو دەزگا و دامەزراوە نێودەوڵەتیانەی کە کار لەسەر ئەم پرسانە دەکەن، دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لەو دەنگۆیانە بکەن و ئەم تاوانە جەنگییە ڕوون بکرێتەوە”.

پێشتر میدیاکانی پەکەکە ئاشکرایانکردبوو، لە مانگی چواری ئەمساڵ سوپای تورکیا لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا چەکی کیمیایی لە دژی گەریلا بەکارهێناوە و دواتریش حاڵەتەکە دووبارەبووەتەوە.

بابەتی پێشتر

وته‌بێژى یه‌كێتى: ئه‌و هه‌واڵانه‌ى باس له‌ گۆڕانكاریی له‌ كارگێڕ و مه‌كته‌به‌كان ده‌كه‌ن دوورن له‌ ڕاستییه‌وه‌

بابەتی دواتر

شه‌پۆلێكى دیكه‌ى بارانبارین هه‌رێمى كوردستان ده‌گرێته‌وه‌

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share