موراد قەرەیلان، فەرماندەی گشتیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل-نەپەگە دەڵێت، “توركیا پێنج جۆر چەکی کیمیایی لەدژی گەریلا بەکارهێناوە” و ناو و جۆر و كاریگەریی چەكەكان لەسەر مرۆڤ ئاشکرادەکات.
قەرەیلان لە دیدارێكیدا لەگەڵ میدیای پەكەكە ڕایگەیاند، “ئەوەندەی ئێمە تائێستا پشتڕاستمان کردووەتەوە، توركیا ئەو چەكە كیمیاییانەی لە حەوت مانگی ڕابردووی هێرشە داگیرکارییەکانیدا بۆسەر ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا دژ بە گەریلاکانی کوردستان بەکاریهێناون، دوژمن پێنج جۆر چەکی کیمیایی لەدژی ئێمە بەکارهێناوە”.
وتیشی، “هەندێک باس لەوە دەکەن کە چەکی کیمیایی کاریگەریی لەسەر هاوڵاتیی مەدەنییش هەبووە و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بێگومان ئێمە ئەمەمان تەنها لە ڕاگەیاندنەوە بیستووە، بەڵام دەزانین کە لە دەوروبەری گوندی هرورێ چەندین جار هێرش ئەنجامدراوە”.
فەرماندەی گشتیی نەپەگە جۆری ئەو چەكانە و كاریگەرییان لەسەر مرۆڤ ئاشكراكرد و وتی، “جۆری یەکەمی ئەو چەکە گازی سنرە، ئەو گازەش مرۆڤ تووشی سڕبوون دەکات و دوای ماوەیەکی کورتیش ڕەنگە گیان لەدەستبدات، ماددەی سەرەکیی ئەو گازەش تابوونە، کاتێک ئەو گازە بڵاودەبێتەوە، بۆنی میوە بڵاودەبێتەوە، هەندێک جاریش هیچ بۆنێکی لێنایەت.
بەپێی وتەی قەرەیلان، جۆری دووەمیش کە بەكاریدەهێنێت مرۆڤ دەخنکێنێت، ئەو چەکە هەڵگری گازی کلۆرۆپینە و پێیدەوترێت گرین کرۆس، ئەم چەکە یەکەمجار ئەڵمانیا لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا دروستیکردووە، لەوکاتەوە تورکیاش بەدەستیهێناوە، ئەو چەکە کاتێک دەتەقێندرێت مرۆڤ دەخنکێنێت.
جۆرێکی دیکەی گاز مرۆڤ دەسووتێنێت و وشکی دەکات، جۆری کیمیایی ئەو چەکەش پێیدەوترێت سولفور موستانت، ئەمەش هەر لەلایەن ئەڵمانیاوە دروستکراوە، ناوێکەی دیکەشی هەیە پێی دەڵێن یەلۆو کرۆس، ئەمە کاتێک بەکاردەهێندرێت هەندێك جار ڕەنگی سەوز دەبێت و ئاگریش لەو شوێنە دەکاتەوە کە دەتەقێندرێت، وەك موراد قەرەیلان وتی.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە یەکێکی دیکە لەو گازانەی بەکاریدەهێنێت بارودۆخی مرۆڤ تێکدەدات و لەهۆش خۆی دەچێت، تووشی ئیفلیجبوونی کاتیی دەکات، ئەم گازە لە گردی کارتاڵ و چەندین شوێنی دیکە بەکارهات.
لەبارەی جۆری پێنجەمەوە موراد قەرەیلان ڕایگەیاند، جۆری پێنجەم گازی بیبەرە، واتە هەمان ئەو گازە لە خۆپیشاندانەکاندا بەکاردەهێندرێت، بێگومان کاتێک ئەو گازە لە شوێنی بەرتەسک یانیش تونێل بەکاردەهێندرێت، هیچ دەرفەتێک بۆ مانەوە ناهێڵێتەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا خلوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا ڕایگەیاندبوو كە تەنها گازی بیبەریان بەکارهێناوە، بەڵام موراد قەرەیلان ئەو قەسەی ڕەتكردەوە و وتی، “درۆ دەکات، ئەو پێنج جۆرەمان تائێستا پشتڕاستکردووە کە لەدژمان بەکارهاتوون”.
لەدرێژەی قسەكانیدا موراد قەرەیلان ڕەخنەی لە بێدەنگیی نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان گرت و وتی، “هێزە نێودەوڵەتییەکان بێدەنگن بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، بەڵام هێزە پارێزەرەکانی مافی مرۆڤ و دامەزراوە دیموکراتییەکان ئەم بابەتەیان کردە ڕۆژەڤ، تورکیا پشتی بە ناتۆ بەستووە بۆیە ئەم تاوانانە ئەنجامدەدات، بەڵام ناتۆش بێدەنگیی لێدەکات، هاوکات لەبەر ئەوەی ئەم تاوانە لە باشووری کوردستان ئەنجامدەدرێت، دەبێت حکومەتی هەرێم و پەرلەمان ناڕەزایەتی دەرببڕن، بەڵام بەپێچەوانەوە دامەزراوەکانی باشووری کوردستان لەو پرسەدا دەستەوسان و بێدەنگبوون”.