ئەوەی تائێستا لەبارەی گۆڕاوی ئۆمیکرۆنەوە زانراوە

لەدوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن وەک یەکێک لە گۆڕاوە نوێیەکانی کۆرۆنا کە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە ڕیزبەندیی “ڤایرۆسە جێنیگەرانییەکان” دایناوە، بەشێک لە وڵاتانی جیهان ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ ئەو وڵاتانەی ڤایرۆسەکەیان تیادا تۆمارکراوە ڕاگەیاند، ئەمەش بەهۆی مەترسیی جیهان لە تووشبوون بە پەتایەکی دیکە.

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕۆژی هەینی دوای کۆبوونەوەی کۆمەڵەی هونەریی ڕێکخراوەکە بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، گۆڕاوی ”‏B.1.1.529‎‏” کە بە ئۆمیکرۆن ناونرا لە ڕیزبەندیی ئەو ڤایرۆسانە دانا کە “مایەی نیگەرانین” و ڕایگەیاند، توێژینەوەکان لەبارەیەوە بەردەوامن و ڕاوێژکارانی ڕێکخراوەکە بەدواداچوون بۆ دوایین گۆڕانکاری و زانیارییەکان لەبارەیەوە دەکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا زانایانی ڤایرۆسناسی و پزیشکی، هۆکاری دڵەڕاوکێیان لەبارەی ڤایرۆسەکەوە بۆ کەمیی زانیارییەکان لەبارەی گۆڕاوەکە دەگێڕنەوە، وەک تاچەند خێرایە لە بڵاوبوونەوە، تاچەند دەبێتەهۆی دەرکەوتنی نیشانەی توند لەو کەسانەی تووشی دەبن و کاریگەریی ڤاکیسنەکان چەند دەبێت لەسەری؟.

لە چەند وڵات بڵاوبووەتەوە؟

تائێستا ڤایرۆسەکە لە ژمارەیەک وڵاتی وەک باشووری ئەفریقا، بۆتسوانا، هۆنگ کۆنگ، بەلجیکا، ئیسرائیل، هۆڵەندا و ئیتالیا تۆمارکراوە و ئەوانەشی تووشبوون لە باشووری ئەفریقاوە گەڕاونەتەوە بۆ ئەو وڵاتانە.

بەپێی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆیەکەمجار ڤایرۆسەکە لە باشووری ئەفریقا لە 9ـی تشرینی دووەم سەریهەڵدا، دواتر هۆنگ کۆنگ یەکەم حاڵەتی ڤایرۆسەکەی لە ناو گەشتیارانی فڕۆکەیەکی هاتوو لە باشووری ئەفریقاوە ڕاگەیاند و ئاشکرایکرد کە تووشبووەکە و سەرجەم گەشتیارەکانی دیکە لە کەرەنتینەدان.

لە ئەوروپاش یەکەم حاڵەت لە بەلجیکا ڕۆژی هەینی و هەریەکە لە ئیتاڵیا و هۆڵەنداش دوێنێ شەممە تۆمارکردنی حاڵەتی ڤایرۆسەکەیان ڕاگەیاند کە سەرجەمیان ئەو کەسانەن لەو وڵاتانەوە هاتبوون كە ڤایرۆسەکەیان تیادا تۆمارکراوە.

هەروەها دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی زانای ئەمریکیی بواری پەتاناسی لەبارەی ڤایرۆسە نوێیەکەوە دەڵێت، هەموو شتێک چاوەڕوانکراوە، بۆیە دەبێت ڕێکارەکان بۆ ڕێگریلێکردنی توندبکرێن بەڵام تائێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ بوونی هیچ حاڵەتێکی ئەو گۆڕاوە لە ئەمریکا نییە.

زانایانی بەدواداچوونی ڤایرۆسەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئەو پرۆتینەی ڤایرۆسەکەی لێپێکهاتووە هەڵگری چەندین جۆری شریتی ناوکییە، کە ژمارەیان زیاترە لە 30 شریت و لەو ڕێگەیەوە دەچنە ناو خانەکانی جەستە و هێرش دەکەنەسەری.

زانایان زۆریی ئەو شریتانە بە مایەی نیگەرانی دادەنێن و دەڵێن دەکرێت هۆکاربێت بۆ خێرا بڵاوبوونەوە و تێکشاندنی سیستمی بەرگری.

زانایانی جیهان ئێستا لە هەوڵی ئەوەدان بگەن بەو زانیارییەی ئایا ڤایرۆسەکە دەتوانێت بەرگریی سروشتی و بەرگریی دروستبوو لە ڤاکسینەکانەوە تێبپەڕێنێت؟

بەڵام دکتۆر ئاشیش جیها لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی براون، بەدووری دەزانێت ڤاکسینەکان هیچ سوودێکیان بۆ دروستبوونی بەرگریی دژی ئەو گۆڕاوە نوێیە نەبێت و دەڵێت، “ئەوە مەحاڵە”.

چۆن گۆڕاوی ئۆمیکرۆن بە گۆڕاوەکانی دیکە بەراوردبکەین؟

زانایان پێیانوایە، لەگەڵ بەردەوامیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەگەری سەرهەڵدانی گۆڕاوی نوێ بەردەوام دەبێت، بەبۆچوونی زانایان زیاتر لە هۆکارێک هەن بۆئەوەی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن نیگەرانی دروستبکات.

ئاشیش جیها دەڵێت، لە ماوەی پێنج بۆ شەش مانگی ڕابردوودا چەندین گۆڕاوی دیکە دەرکەوتن بەڵام کاریگەریی گەورەیان نەبووە، بەڵام ئەم گۆڕاوە نوێیە جیاوازە تەنانەت لە گۆڕاوی دەلتا جیاواز و خێراترە.

ئاماژەی بەوەکردووە، ڤایرۆسەکە بەخێرایی لە هەندێک ناوچەی باشووری ئەفریقا بڵاوبووەتەوە لەگەڵ ئەوەی ژمارەی تووشبووان زۆر نین بەڵام ماوەی بڵاوبوونەوەکەی کەمە، “ئەوەی تائێستا توێژینەوە و بەدواداچوونەکان دەریانخستووە لە بڵاوبوونەوەدا خێراترین بڵاوبوونەوەی هەیە کە تائێستا بینیومانە”.

هەروەها کۆمپانیای مۆدێرنا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، توێژینەوەکانیان سەبارەت بە ڤایرۆسەکە دەستپێکردووە و لەماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا ئەنجامەکان دەخەنەڕوو.
هەروەها ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، ئەگەری دووبارە تووشبوونەوە بە گۆڕاوی ئۆمیکرۆن لەوانەی تووشی کۆرۆنا بوون ئەگەرێکی بەهێزە، بەراورد بە گۆڕاوەکانی دیکە مایەی نیگەرانییە.

چی لەبارەی دروستکردنی ڤاکسینەکانەوە دەوترێت؟

ڕۆژی هەینی کۆمپانیای مۆدێرنا ئاشکرایکرد، بەخێرایی کار بۆ دروستکردنی ڤاکسینی کاریگەر لەسەر ئەو ڤایرۆسە دەکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا مەترسیی زۆری شریتە پێکهێنەرەکانی ڤایرۆسەکە وادەکات ئەگەرەکانی تێپەڕاندنی بەرگریی سروشتی و بەرگریی دروستبوو لە ڤاکسینەکانەوە زیاتربکات.

مۆدێرنا دەڵێت، “بۆماندەرکەوتووە ڤاکسینەکان و تەنانەت ژەمی زیادەی ڤاکسینیش “ژەمی سێیەم” ناتوانێت بەرگریی پێویست دژی گۆڕاوە نوێیەکە دروستبکات، بۆیە ئەگەری هەیە یەکێک لە ڕێگاکان ژەمی زیاتری ڤاکسینەکان بێت”.

کۆمپانیاکە دەڵێت، تاقیکردنەوە لەسەر وەرگرتنی دوو ژەمی زیادە دەکەن تاوەکو کاریگەریی لەسەر ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن دروستبکات هاوشانی ئەوەش هیچ زیانی دیکەی لێنەکەوێتەوە.

کۆمپانیای ئەسترازێنیکا دەڵێت، بەدواداچوونەکانیان لەو ناوچانەی ڤایرۆسەکەیان تیادا بڵاوبووەتەوە وادەکەن هەوڵەکانی دروستکردنی ڤاکسین خێرابکەن بەهۆی خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە.

هەروەها کۆمپانیای بایۆنتێکی هاوبەشی فایزەر لە دروستکردنی ڤاکسینی دژ بە COVID-19 دەڵێت، کاریگەریی ڤاکسینەکەیان لەسەر گۆڕاوە نوێیەکە دەکرێت لە چەند هەفتەیەکی داهاتوودا ئەنجامەکانی دەربکەوێت.

بەهەمانشێوە کۆمپانیای جۆنسن ئاند جۆنسن ئاشکرایکرد، تاقیکردنەوە لەسەر کاریگەریی ڤاکسینەکەیان دەکەن بۆ گۆڕاوە نوێیەکە.

بابەتی پێشتر

قەرەیلان ناو و جۆری ئەو چەكە كیمیاییانە ئاشكرادەكات كە توركیا بەكاریاندەهێنێت

بابەتی دواتر

پریمەرلیگ.. تا ئێستا ڕۆناڵدۆ گۆڵی لە چێڵسی نەكردووە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

گرێبەستەكانیان لەگەڵ عێراق یارمەتیی تیرۆری داوە
فایزەر و ئەسترازێنیکا لە ئەمریكا لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت

  دادگای تێهەڵچوونەوەی ئەمریکا داوایەکی یاسایی لە دژی كۆمپانیاكانى ئەسترازێنیکا و ‏فایزەر و چه‌ند كۆمپانیایه‌كى تر زیندووکردەوە، گومان…
Total
0
Share