پۆلیسی سلێمانی كه‌سێكی ده‌ستگیركرد كە به‌ناوی ڤیزای ئه‌وروپاوه‌ 20 هه‌زار دۆلاری له‌ ژنێك سه‌ندبوو

پۆلیسی سلێمانی تۆمەتبارێکی دەستگیركرد كە بە فێڵ بڕێك پارە و ئاڵتونی‌ لە ژنێك سەندبوو بەناوی وەرگرتنی ڤیزای ئەوروپاوە.

پۆلیسی سلێمانی له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “دوای‌ ئەوەی‌ ئافرەتێك لە بنكەی‌ پۆلیسی‌ هەواری‌ شار سكاڵای‌ یاسایی لەسەر تۆمەتبارێك تۆماركرد كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ناسیویەتی‌‌ و بەناوی‌ وەرگرتنی‌ ڤیزای‌ ئەوروپاوە بڕی‌ 20 هەزار دۆلار (دوو دەفتەر دۆلار)ی‌ لێسەندووە و پاشان تۆمەتبارەكە خۆی‌ ونكردووە.”

باسی لەوەشكردووە، دواتر تۆمەتبارەكە دەركەوتووه‌تەوە و داوای‌ بڕی‌ 10 هەزار دۆلار (یەك دەفتەر)ی‌ دیكەی لە سكاڵاكار كردووە، بەڵام بەهۆی‌ ئەوەی‌ ئافرەتەكە ئەو بڕە پارەیەی‌ نەبووە، تۆمەتبارەكە داوای‌ ئاڵتونی‌ لە سكاڵاكار كردووە.

پۆلیسی سلێمانی ئاشكراشیكردووە، دوای‌ چاودێری‌ و لێكۆڵینەوەی‌ ورد و وەرگرتنی‌ بڕیاری‌ دادوەر، توانرا تۆمەتباركە لەلایەن مەفرەزەكانی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ هەواری‌ شار بەهاوكاریی‌ نووسینگەی‌ ڕۆژئاوای‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ نەهێشتنی‌ تاوان لەكاتی‌ وەرگرتنی‌ ئاڵتونەكە لە سكاڵاكار، دەستگیربكرێت.

لەكاتی‌ لێكۆڵینەوەكاندا تۆمەتبارەكە دانی‌ بەتاوانەكەیدا ناوە و ئاماژەی‌ بۆ ئەوە كردووە كە بەو پارەیەی‌ لە ئافرەتەكەی‌ سەندووە ئۆتۆمبێلێكی‌ كڕیوە، لەكاتی‌ دەستگیركردنی‌ تۆمەتبارەكەدا دەستیشگیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلەكەدا.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، “لەئێستادا تۆمەتبار (س، ج، ن) لەدایكبووی‌ 1989 دانیشتووی‌ شاری‌ هەولێر بەبڕیاری‌ دادوەر و بەپێی‌ ماددەی‌ 456 لە یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ ڕاگیراوە”.

بابەتی پێشتر

چی كراوە بۆ پاراستنی شوێنەوارە مێژوویی و كەلەپورییەكانی سلێمانی؟

بابەتی دواتر

ئەمریكا و چین لەبارەی قەیرانی ئاووهەواوە ڕێككەوتن

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پۆلیسی سلێمانى: به‌شێك له‌ خۆپیشانده‌ران خوێندكارنه‌بوون و به‌ چه‌قۆ هێرشیانكردووه‌ته‌ سه‌ر هێزه‌كان

پۆلیسی سلێمانى له‌سه‌ر گرژییه‌كانى ئه‌مڕۆی خوێندكارانى زانكۆی سلێمانى ڕاگه‌یه‌ندراوێكى بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت، “به‌شێك له‌ خۆپیشانده‌ران خوێندكارنه‌بوون و به‌…
Total
0
Share