چی كراوە بۆ پاراستنی شوێنەوارە مێژوویی و كەلەپورییەكانی سلێمانی؟

لەساڵی 2019وە بەیاسا كار بۆ پاراستنی شوێنەوارەكان كراوە

لە دوو ساڵی ڕابردوودا بەهۆی پابەندنەبوون بە پاراستنی شوێنە دێرین و كەلەپورییەكانەوە لە سلێمانی 225 شوێن سزاردراون و 113 شوێنیش ڕووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی قائیمقامیەتی سلێمانی، بە ئامانجی پارێزگاریکردن لە شوێنە مێژووی و کەلەپورییەکانی شارەکە، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ نوێنەر و بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کۆبووە و ڕایگەیاندووە، ساڵی 2019 لە ڕێگەی لیژنەی پاراستنی شوێنە مێژووی و کەلەپورییەکان، بەھاوکاریی زانکۆی سلێمانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان، ھەنگاوی گەورە و گرنگیان ناوە بۆ پاراستنی ھەموو خانوو و شوێنە دێرینەکانی شارەکە و ئەو حەوت گەڕەکە مێژووییەی کە بوون بە بەشێکی زیندووی مێژووی شارستانیی سلێمانی و خەڵکەکەی.

ئاوات محەمەد ئامارەكانی لیژنەی تایبەتمەندی لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا ئاشكراكرد بۆ پاراستنی شوێنەوارەكان، وتی، “لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا لیژنەکە 3 ھەزار و 333 سەردانیان کردووە بۆ گەڕەک و شوێنە دێرینەکانی سلێمانی، لە ئەنجامی بەدواداچوونەکانیان بەھۆی پابەندنەبوون و سەرپێچیی پاراستنی ئەو شوێنانە، 225 شوێن سزاردراون و 113 شوێنیش ڕووبەڕووی دادگا کراونەتەوە”.

قائیمقامی سلێمانی ڕاشیگەیاند، “بۆ پاراستنی سێمای مێژوویی و شارستانیی شوێنە دێرینەکانی سلێمانی، ئەو خانوو و شوێنە دێرینانەی خاوەنەکانیان دەیانەوێت نۆژەنیبکەنەوە، پێویستە لەژێر چاودێریی فەرمانگەکان و لەسەر شێوازە دێرین و مێژووییەکەی نۆژەنبکرێتەوە، بۆ ئەوەی ڕێگریی تەواو بکرێت لە تێکدان و زیانگەیاندن بە سروشت و سیمای دێرینی ھەموو ئەو شوێنە مێژووییانە”.

بابەتی پێشتر

شاندی یەكێتی لەگەڵ ڕەوتی سەدر هەماهەنگیی قۆناغی داهاتوو تاوتوێدەكەن

بابەتی دواتر

پۆلیسی سلێمانی كه‌سێكی ده‌ستگیركرد كە به‌ناوی ڤیزای ئه‌وروپاوه‌ 20 هه‌زار دۆلاری له‌ ژنێك سه‌ندبوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share