ڕابردوو و ئێستای جلی کوردی
هەڵگرێكی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەب بە “نیگاری ڕامبرانت” وەسفیدەكات

لەوەوە کە سۆمەرییەکان لە کۆنترین شارستانییەتی مرۆڤایەتیدا بیپۆشن، تا ئەوەی کە ئەدیبێکی خاوەن خەڵاتی نۆبڵ، ماریۆ بارگاس یۆسا، لە وەسفیدا بڵێت “ڕەونەقی جلی کوردەکان لە تابلۆیەکی ڕامبرانت-ی نیگارکێش دەچێت”، تا ئەوەی ئەمڕۆ لە زانکۆ و دامەزراوەکانی شارێکی کوردنشیندا قەدەغە بکرێت، جلوبەرگی کوردی بە مێژوویەکی دوورودرێژدا تێپەڕیوە.

 

سەرەتایەکی نادیار

هەندێک لە مێژوونووسان لایانوایە کە کۆنترین دەرکەوتنی جلی کوردی، بە تایبەتی جلی کوردیی پیاوانە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میزۆپۆتامیا، واتا یەکەمین شارستانییەتی مرۆڤایەتی، بە دیاریکراوییش کوردانی سۆمەری، دواتر کاشی و ئیلامی، جلی کوردییان لەبەردا بووە، هەڵبەت بە شێوە و وردەکارییەکەوە جیاواز لەوەی لەمڕۆ، لە بەری ژنان و پیاوانی کورددا دەیبینین.

بە هۆی فراوانیی ناوچەی دەسەڵاتی سۆمەرییەکانەوە، ئەم جلوبەرگەش بە ناوچەی جیاجیادا بڵاوبووەتەوە و نەتەوەی جیاجیا وەریانگرتووە و پۆشیویانە. سەرەتا ئەم بەرگە لە سۆمەرییەکانەوە گوێزراوەتەوە بۆ بابلییەکان، کە نەتەوەیەکی تێکەڵاو و فرەڕەگەز بوون، پاشان چووەتە ناو ئاشوورییەکانیشەوە. تەنانەت خەڵکانێک پێیانوایە، ئەم جلوبەرگە گوێزراوەتەوە بۆ یەمەنییەکان و گەیشتووەتە نیمچە دورگەی عەرەبییش.

ئەم بەرگە لە سەردەمانی دواتردا وەک خۆی نەماوەتەوە و بەپێی بارودۆخ و شوێن، لە بەری کوردەکاندا گۆڕانی بەسەردا هاتووە.

بەرگی ڕۆژگارە سەختەکان

گوتوویانە “تەنیا چیاکان دۆستی کوردن”، کوردەکان لەم دۆستایەتییەی نێوان خۆیان و چیادا جلوبەگەکەشیان گۆڕانی بەسەردا هاتووە. شەرواڵ کراوەتە بەرگێک بۆ هەنگاوی درێژ و سەرکەوتن بەسەر شاخ و بەردەڵانەکاندا، مراخانیی چنراو بە لۆکە، لەگەڵ پەستەک و کوڵەباڵدا، لەبەرکراون بۆ خۆپاراستن لە باران و سەرما.

بەرگی کوردی، بەرگی ڕۆژگاری شۆڕش و بەرەنگارییش بووە، پێشمەرگەکانی کورد لە شاخ و لە گوندەکان، بەپێی جیاوازی ناوچەکانی کوردەکان، هەمیشە بە جلی جیاجیای کوردییەوە بینراون، ئەمەش لە مێژووی نوێماندا ئەم بەرگەی زیاتر کرد بە بەرگێکی نەتەوەیی.

ماریۆ بارگاس یۆسا ئەدیبی بەناوبانگی ئەمریکای لاتینی و خاوەن خەڵاتی نۆبڵ، لە سەردانێکی پاش ساڵی 2003یدا بۆ سلێمانی، پاش ئەوەی لەناو شارەکەدا چاوی بە پێشمەرگەکان و جلی کوردیی بەریان دەکەوێت، لە کتێبی یاداشتەکانیدا دەنووسێت، “ڕەونەقی جلی کوردەکان لە تابلۆیەکی ڕامبرانت-ی نیگارکێش دەچێت، دەڵێی ئیلهامی جلەکانیان لە هونەرەکەی ئەوەوە وەرگرتووە”.

لەمڕۆدا، خۆشبەختانە جلی کوردی تەنیا بەرگی سەختی و شەڕ و نەهامەتییەکان نییە، بەڵکو ژنان و پیاوان، کوڕان و کچانی گەنج، بە چەندین گۆڕانکاری و نوێکردنەوە و ڕەنگینیی زیاترەوە، لە بۆنەکان و وەرزە تایبەتەکاندا دەیانپۆشن.

بەرگێکی دێرین بۆ جیهانێکی ئاڵۆز و نوێ

لەمڕۆدا جلی کوردی، بە شێوازە جیاجیاکانیەوە، وەک مەهابادی، سلێمانی و بادینی و بە پارچە جیاجیاکانیەوە، وەک شەرواڵ، چۆغە، مرادخانی و کەوا و سەڵتە، فەقیانەدار و بێ فەقیانە، لەبەری ژنان و پیاوانی کوردی ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا، بە چەندین ڕەنگی قەشەنگ و ڕەونەقدارەوە دەبینرێت.

خانمان و پیاوان، چ لە نەورۆز و وەرزی بەهاردا، چ لە بۆنەکاندا و چ لەمڕۆشدا (ڕۆژی جلی کوردی)، ئەم بەرگە بە شێوە جیاجیاکانیەوە دەپۆشن و چەندین گۆڕانیشیان بەسەر وردەکارییەکانی و شێوەکەیدا هێناوە، تاکو لەگەڵ جیهانی نوێ و جیهانی نوێیاندا بگونجێت، کە هەندێک جار جیهانێکی ئاڵۆزیشە.

جیهانێکی ئاڵۆزە، بەهۆی سیاسەتی هەڵە، یان ئەو هەلومەرجە نەخوازراو و لەناکاوانەوە کە بەسەر نەتەوەکە و خەڵکدا دێن، بۆ نمونە، ئەوەتا ئەمڕۆ، لە یادی جلوبەرگی کوردیدا، لە شارێکی کوردنشینی وەکو کەرکوک، پۆشینی ئەم بەرگە لە زانکۆ و دامەزراوەکاندا ڕێگریی لێ دەکرێت، ئەمەش هەندێک لە خەڵکان ناچار دەکات، بیر لە چارەنووسەکەی بکەنەوە و خەمی داهاتووەکەی بخۆن.

بابەتی پێشتر

ژنێكی عێراقی پاش 37 ساڵ لە "مردنی" دەگەڕێتەوە بۆ ژیان!

بابەتی دواتر

كوردانى ئۆكرانیا ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌ڵمانیا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share