ئەمریكا و چین لەبارەی قەیرانی ئاووهەواوە ڕێككەوتن

چین و ئەمریكا، ئەو دوو وڵاتەی بەرپرسن لە 40%ی تێكچوونی ئاووهەوای زەوی، ڕێككەوتنێكیان كرد لەپێناو چارەسەركردنی قەیرانی ئاووهەوا كە نەتەوە یەكگرتووەكان بە “هەنگاوێكی گرنگ و دروست” ناوزەدیدەكات.

ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز ڕێككەوتنێكی نێوان چین و ئەمریكای سەبارەت بە ئاووهەوا بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد، ئەوەی چین و ئەمریكا لەپێناو چارەسەركردنی قەیرانی ئاووهەوا پێیگەیشتوون، بۆ هەزاران بەشداربووی كۆنگرەی گلاسكۆ شتێكی كتوپڕ و چاوەڕواننەكراو بوو.

ڕۆژنامەكە دەڵێت، ئەمریكا و چین ئەو دوو نەیارەی لە بوارەكانی بازرگانی و مافی مرۆڤ و چەندین بابەتی تردا پەیوەندییەكانیان گرژن، وەك دوو هاوپەیمان قسەیانكردووە سەبارەت بە هەوڵدان بۆ بەرگرتن لە زیاتر قەتیسبوونی گەرما و دابەزاندنی بۆ ئاستێكی سەلامەت.

دوو هەفتە لەمەوبەر و لە سەرەتای دەستپێكردنی كارەكانی كۆنگرەی گلاسكۆ تایبەت بە ئاووهەوا، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا ڕەخنەی توندی لە چین گرت بەهۆی ئامادەنەبوونی سەرۆكی ئەو وڵاتە لە كۆنگرەكەدا و تۆمەتباریكرد بەوەی “هۆكارێكی سەرەكیی پیسبوونی ژینگە و قەتیسبوونی گەرمییە، كەچی سەرۆكەكەی بەشداریی كۆنگرەكەی نەكردووە”.

دوێنێ چوارشەممە شی شینهوا نوێنەری چین لە كۆنگرەكە ئاشكرایكرد، “چین و ئەمریكا ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشیان لەبارەی بەهێزكردنی هەوڵەكانی چارەسەركردنی قەیرانی ئاووهەوا داڕشتووە”.

بەپێی ڕۆژنامەی گاردیان، “چین و ئەمریكا پێكەوە لە چەند بوارێكدا كاردەكەن وەك دابەزاندنی ئاستی دەردانی گازی میسان و دەردراوەكانی ئامرازەكانی گواستنەوە و وزە و پیشەسازی كە پێكەوە هۆكارن بۆ قەتیسبوونی گەرمی”.

نوێنەرەكەی چین لە كۆنگرەی ئاووهەوا دەڵێت، “ئەمریكا و چین دانیان بەوەدا ناوە كە جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنێوان ئەوەی ئێستا دەكرێت لەگەڵ ئەو ئامانجانەی لە كۆنگرەی ساڵی 2015 دیاریكراون بۆ چارەسەركردنی قەیرانی ئاووهەوا، بۆیە هەردوولامان كاردەكەین بۆ بەهێزكردنی هەوڵەكانی پەیوەست بە چارەسەركردنی ئاووهەوا”.

لای خۆیەوە جۆن كێری نوێنەری ئەمریكا لە كۆنگرەكە وتی، “ڕاستە ناكۆكی لەنێوان ئەمریكا و چین هەیە، بەڵام لەبارەی ئاووهەواوە هاوكاریی نێوان هەردوولا تاكە ڕێگەی جێبەجێكردنی ئەو ئەركەیە”، وەك ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز ئاشكرایكردووە.

جۆن كێری ڕایگەیاند، “ئەو نەخشەڕێگایەی دانراوە كاردەكات بۆ ڕاگرتنی قەتیسبوونی گەرمی و بەدیهێنانی ئامانجەكانی تایبەت بە ئاووهەوا”.

ڕێككەوتنەكەی ئەمریكا و چین بەجۆرێك كاردانەوەی لێكەوتەوە كە ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان ستایشی دەكات و دەڵێت، “هەنگاوێكی گرنگە بەئاراستەی دروستدا”.

گۆتیرێش لە تویتەر نووسیویەتی، “پێشوازی دەكەم لە ڕێككەوتنەكەی چین و ئەمریكا بۆ پێكەوەكاردن بەمەبەستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی باشتر لەپێناو ئاووهەوا لەم دەیەیەدا”.

چین یەكەم وڵاتی جیهانە لەڕووی دەردانی گازە گەرمەكان بۆ ناو بەرگەهەوای زەوی، بەدوای ئەویشدا ئەمریكا دێت و هەردوو وڵاتەكە 40%ی پیسكردنی ژینگە بە كاربۆن پێكدەهێنن و ئەوەش هۆكارێكی سەرەكیی قەتیسبوونی گەرمی و تێكچوونی ئاووهەوای هەسارەی زەوییە.

بابەتی پێشتر

پۆلیسی سلێمانی كه‌سێكی ده‌ستگیركرد كە به‌ناوی ڤیزای ئه‌وروپاوه‌ 20 هه‌زار دۆلاری له‌ ژنێك سه‌ندبوو

بابەتی دواتر

فەرمی.. ستیڤن جیرارد بوو بە ڕاهێنەری ئەستۆن ڤێلا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share