ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی ڕوسیا و ئەنگێلا مێركڵ ڕاوێژكاری ئەڵمانیا پرسی كۆچبەرانیان تاوتوێكرد و بیلاڕوسیایان بە بەكارهێنانی كۆچبەران تۆمەتباركرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی كریملین، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا كە بە دەستپێشخەریی ئەڵمانیا بووە، ئەمڕۆ چوارشەممە مێركڵ و پوتین لەبارەی كۆچبەرانی سەر سنوورەكانی نێوان بیلاڕوسیا و یەكێتیی ئەوروپاوە قسەیانكردووە.
كریملین دەڵێت، “هەردوولا نیگەرانیی خۆیان لەبارەی لێكەوتە مرۆییەكانی قەیرانی كۆچبەرانەوە نیشانداوە و پوتین پێشنیازیكردووە ڕێگەی تاوتوێكردنی ئەو پرسە بگیرێتەبەر و نوێنەرانی یەكێتیی ئەوروپا و حكومەتی بیلاڕوسیا گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەوبارەیەوە بكەن”.
ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی ڕوسیا و ئەنگێلا مێركڵ ڕاوێژكاری ئەڵمانیا ڕێككەوتوون گفتوگۆی بەردەوامیان هەبێت لەبارەی كۆچبەرانی سەر سنوورەكانی بیلاڕوسیا، وەك كریملین ئاشكرایكردووە.
حكومەتی ئەڵمانیا لەبارەی پەیوەندییەكەوە دەڵێت، مێركڵ بەرپرسیارێتیی دۆخەكەی خستووەتە ئەستۆی حكومەتی بیلاڕوسیا و تۆمەتباریكردووە بە “بەكارهێنانی كۆچبەران وەك ئامرازێك” و وتوویەتی، “ئەوە ڕەفتارێكی نامرۆڤانەیە و مایەی قبوڵكردن نییە”.
ڕاوێژكاری ئەڵمانیا داوای لە سەرۆكی ڕوسیا كردووە فشاربخرێتەسەر حكومەتی بیلاڕوسیا لەپێناو چارەسەركردنی قەیرانەكە.