هاتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ عێراق بازاڕی گەشتکردنی بۆ بەغداد گەرمکردووە

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی ئێستا لە چەند کۆمپانیایەکی گەشتیارییەوە وەریگرتووە، ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان پەیوەندییان پێوەکردوون و بلیتی گەشتکردنیان بڕیووە یاخود حیجزی پاسی گەشتیارییان کردووە بۆ بەغداد بەمەبەستی بینینی یارییەکەی رۆناڵدۆ.

کۆمپانیایەکی گەشتیاری بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، دەست بە فرۆشتنی بلیتی گەشتەکە کراوە لە دوێنێوە و ژمارەیەکی زۆری خەڵک، بلیتی گەشتەکەی لەلایەن کڕیووە.

لەبارەی بلیتی یارییەکەوە ئاماژەی بەوەکرد، هێشتا هیچ بلیتێک نەفرۆشراوە و ئەمڕۆ دەستپێدەکرێت، بەڵام کۆمپانیاکان لە رێگەی رێبەرەکانیانەوە بلیت بۆ هاندەران دەکڕن.

دوێنێ هەینی، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڤیزای گەشتکردنی دا بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پورتوگالی و یاریزانی پێشووی یانەی ریاڵمەدرید و یاریزانی ئێستای یانەی نەسر، ئەوەش کاردانەوەی بەدوادا هاتووە، بەو پێیەی یەکەم جارە ئەو ئەستێرەیە بێتە عێراق.

یارییەکەی نەسڕ بەرامبەر بە شورتەی عێراقی دەبێت لە کاتژمێری 7:00ی ئێوارەی  رۆژی دووشەممەدا و بەشێک دەبێت لە خولی یانەپاڵەوانەکانی ئاسیا و لە یاریگای مەدینەی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت،  بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر پێنج فرۆشتنی بلیتی یارییەکە دەستپێبکات، بەڵام لە بەیانی ئەمڕۆەوە بەسەدان کەس لە نۆرەدان بۆ دەستکەوتنی بلیتی یارییەکە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share