ئەمریكا و سعودیە سەركۆنەی كودەتا سەربازییەكەی سوپای سودان دەكەن، چەند وڵاتێكی ئەفریقیش داوای كۆبوونەوەیەكی نائاسایی دەكەن.
ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و فەیسەڵ بن فەرحان پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و تاوتوێی ڕووداوەكانی سودانیان كرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، هەردوولا سەركۆنەی كودەتا سەربازییەكەی سوپای سودانیان كردووە و پێیانوایە كاریگەری لەسەر دۆخی وڵاتەكە و ناوچەكە بەگشتی دەبێت.
بلینكن جەختی لەوەكردووەتەوە، ئەمریكا هاوكاری گەلی سودان دەبێت بۆ هێنانەدیی دیموكراسی و گەڕانەوە بۆ حكومەتێكی ڕاگوزەریی.
لەلایەكی دیكەشەوە ژمارەیەك وڵاتی ئەفریقی داوای كۆبوونەوەیەكی نائاسایی لەسەر كودەتا سەربازییەكەی سوپای سودان دەكەن.
بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە سوپای سودان كودەتای سەربازیی بەسەر حكومەتی ڕاگوزەری وڵاتەكە كرد و سەرۆك وەزیران و چوار وەزیری حكومەتەكەیان دەستبەسەركرد.