فەرەنسا پێویستیی گەڕانەوە بۆ دانوستانی ئەتۆمی بە ئێران گەیاند

جان ئیڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بەپێویستی دەزانێت دانوستانەکان لەسەر گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەستپێبکاتەوە و ئێران هاوکاریی تەواوی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بکات.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوللهیان وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، “گرنگە دانوستانەکانی ڤیەننا دەستپێبکەنەوە و پێویستە ئێرانیش هاوکاریی تەواوی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بکات”.

لەو چێوەیەدا ئێران سێ مەرجی بۆ واشنتن داناوە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، یەکێک لە مەرجەکان هەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکەیەتی، مەرجی دووەمیش پێدانی دڵنیاییە لەلایەنئەمریکاوە سەبارەت بەوەی جارێکی دیکە لە ڕێککەوتنەکە ناکشێتەوە، کۆتا مەرجیش داننانی ئەمریکایە بە کەمتەرخەمی لە کشانەوەی لەڕێککەوتنەکە و ڕوونکردنەوەی هۆکارەکانی.

عەلی باقری، یەکێک لە سەرەکیترین دانوستانکارانی شاندی ئێران لە ڤیەننا، بەر لە گەڕانەوەی شاندی وڵاتەکەی، گەڕێکی دانوستان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا ئەنجامدەدات و ڕایگەیاند، “ژمارەیەک لە نوێنەرانی وڵاتانی ئەوروپا دەبینین و باس لە پرسە هەرێمی و تایبەتەکان و دۆسیەی ئەتۆمی و دوایین گۆڕانکارییەکان سەبارەت بەو پرسە دەکەین”.

باقری لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردەوە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە هیچ هەوڵێکی لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی وڵاتەکەی پاشەکشەناکات و کار بۆ لابردنی سزاکانی سەر وڵاتەکەی دەکات، “کە بەنایاسایی بەسەریدا سەپێنراوە”.

بابەتی پێشتر

لیژنەیەكی پەرلەمان دەچێتە پۆڵەندا و لە گرفتی كۆچبەران دەكۆڵنەوە

بابەتی دواتر

یونسکۆ کرماشانی وەک شارێکی داهێنەری خۆراک دەستنیشانکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share