دەنگی تەقینەوە لە نزیک بنکەی ئەتۆمی نەتەنز لە ئێران بیسترا

ئێوارەی ئەمڕۆ دەنگی تەقینەوە و ڕوناکییەکی گەورە لە نزیک بنکەی ئەتۆمی نەتەنز لە پارێزگای ئەسفەهان لە ئێران دەرکەوت، ئاژانسە هەواڵییەکانی نزیک لە حکومەت دەڵێن، “تەقینەوەکە تاقیکردنەوەی موشەک بووە”.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی تەقینەوەکە، ئاژانسە هەواڵییەکانی ئێران بە چەند جۆرێک باسیان لە تەقینەوەکە کرد، ئاژانسی فارس نیوزی نزیک لە سوپای پاسداران ڕایگەیاند، “دوای تەقینەوەکە دەنگۆی خستنەخوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەبووە”.

دواتر ناوەندی دەنگ و ڕەنگی ئێران ڕایگەیاند، “بەرپرسانی سیستمی بەرگریی موشەکی لە ئەسفەهان دەڵێن، سیستمی بەرگریی ئاسمانی نەتەنز تاقیکردنەوەی ئەنجامداوە و ئەو تاقیکردنەوەیەش بە هاوئاهەنگی هەموولایەک بووە”.

بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییە لەکاتێکدایە، پێشتر بەرپرسی کارگێڕی نەتەنز ڕایگەیاندبوو، هیچ زانیارییەکیان لەسەر تەقینەوەکە نییە.

ئاژانسی ئیرنای ئێرانی لای خۆیەوە ڕایگەیاندووە، “تەقینەوەکە لە 20کیلۆمەتری نەتەنز ڕوویداوە”.

بنکەی ئەتۆمی نەتەنز بەناوی فەرمی “کۆمەڵگای شەهید موهەندیس مستەفا ئەحمەد ڕوشەن بۆ پوختەسازی” کاردەکات و بە گرنگترین ناوەندی پوختەکردنی یۆرانیۆم لە ئێراندا دادەنرێت.

ئەم دامەزراوەیە تا ئەمڕۆ چەندین هێرش جۆراوجۆر کراوەتەسەری و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەمووجارێک ئیسرائیل بەهۆکار و بکەری هێرشەکان دەناسێنێت.

بابەتی پێشتر

سیخوڕی به‌سه‌ر دیبلۆماتكاران كردبوو.. ئه‌مریكا كۆمپانیایه‌كى ئیسرائیلی خسته‌ لیستى ڕه‌شه‌وه‌

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) ئینتەر میلان یاریی لوتکەی لە ڕۆما بردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share