تەندروستیی جیهانی: دەکرێت ئێستاش کۆرۆنا کاریگەریی جیاواز لەسەر تەندروستیی جیهان دروستبکات

لیژنەی باری لەناکاوی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات دانبنێن بەسەرجەم ئەو ڤاکسینانەی ڕێکخراوەکە ڕەزامەندیی لەسەر داوە، بەوپێیەی “مەترسییەکانی کۆرۆنا تائێستا کۆتایی نەهاتووە”.

لیژنەی باری لەناکاوی تایبەت بە Covid-19 سەر بە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەم هەفتەیەدا کۆبووەوە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی سێ مانگی ڕابردووی پەتاکە.

دوای کۆبوونەوەکە لەڕاگەیەندراوێکدا لیژنەکە ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ ئەوەی زیادبوونی بەکارهێنانی ڤاکسینەکان و چارەسەرەکان بۆ پەتاکە پێشکەوتنی بەخۆوە بینیوە، بەڵام هەڵسەنگاندنی دۆخی سێ مانگی پێشوو دەریدەخات “تائێستا مەترسییەکانی کۆرۆنا کۆتایی نەهاتووە”.

لیژنەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت، “هەموو ئەندامانی لیژنە هاودەنگین لەسەر ئەوەی پەتاکە تائێستاش دەکرێت ڕووداوێکی جیاواز بهێنێتە ئاراوە، کە زیان بە تەندروستیی دانیشتووانی جیهان بگەیەنێت و مەترسی دروستبکات، هەروەها جارێکی دیکە کاریگەری بکاتە سەر جموجوڵ و هاتوچۆی جیهان”.

لیژنەکە ئامۆژگاری لەبارەی ڤاکسینەکانەوە دەداتە جیهان، لەوەش نیگەرانە كە تائێستا دابەشکردنی ڤاکسین لەجیهاندا وەک پێویست نییە.

داواش لە وڵاتان دەکات، “دانبنێن بەسەرجەم ئەو ڤاکسینانەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی ڕەزامەندیی لەسەر داون”.

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی تائێستا ڕەزامەندی داوە لەسەر ڤاکسینەكانی مۆدێرنا، فایزەر-بایۆنتێک، هەردوو ڤاکسینی سینۆفارم و سینۆڤاکی چینی، جۆنسن ئاند جۆنسن و جۆرێکی جیاوازی ئەسترازێنیکا.

 

بابەتی پێشتر

بەرپرسێكی ئەمریكا: لە شەش مانگدا داعش دەتوانێت هێرش بکاتە سەر بەرژوەندییەكانمان لە ئەفغانستان

بابەتی دواتر

ئەمریكا و سعودیە سەركۆنەی كودەتا سەربازییەكەی سودان دەكەن

بابەتی پەیوەندیدار