گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا ئاسایشی جیهان دەخەنە مەترسییەوە

ئەمینداری جێبەجێکاری ڕێککەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا، هۆشداریدەدات لە داڕمانی ئاسایش و سەقامگیریی جیهان لەئەگەری کۆنترۆڵنەکردنی گازە دەردراوەکان و قەتیسبوونی گەرما.

پاتریسیا ئیسپینۆزا ڕایگەیاند، “ئێمە لەبارەی پاراستنی سەقامگیریی وڵاتان قسەدەکەین، چونکە گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی خۆراک دروستدەکەن و دەبنە مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراک لە جیهاندا”.

هۆشدارییە توندەکانی ئیسپینۆزا لەکاتێکدان لەچەند ڕۆژی داهاتوودا لوتکەی “کۆپ 26” بۆ ئاووهەوا بەڕێوەدەچێت.

بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا نوێنەری 200 وڵاتی جیهان لە سکۆتلەندا کۆببنەوە بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی “کۆپ 26” کە بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوامدەبێت، ئەمە دوایین ئاگادارکردنەوەی وڵاتان دەبێت بۆ ڕاگرتنی دەردراوە ژەهراوییەکان و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما.

لە ماوەی ئەو دوو هەفتەیەدا پاتریسیا ئیسپینۆزا و ئەولوک شارما وەزیری بەریتانیا کە حكومەتەكەی سەرۆکایەتیی لوتکەی ئاووهەوا دەکات، هەوڵدەدەن ئەو 200 وڵاتە ڕێککەوتنی پاریس تایبەت بە ئاووهەوا جێبەجێبکەن.

چاوەڕێدەکرێت لە کۆنگرەکەدا زیاتر لە 120 سەرکردەی جیهان و 25 نوێنەر بەشداریبکەن، لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕێدەکرێت بەشێک لە سەرکردەی وڵاتانی جیهان بەشدارینەکەن لە کۆنگرەکەدا لەوانە سەرۆکی چین کە زۆرترین دەردراوی گازی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لەو وڵاتەوەیە، هەروەها سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن.

لەلایەکی دیکەوە ئیسپینۆزا ڕایگەیاند، “ئامادەنەبووی سەرکردەی ئەو وڵاتانە کاریگەری ناکاتەسەر سەرکەوتنی کۆنگرەکە، نازانین سەرۆکی چین بەشداریدەکات یاخود نا بەڵام شاندی چین گەیشتووە و ئەوەش بەشدارییەکی گرنگی ئەو وڵاتەیە”.

هەڵسەنگاندنەکانی کۆشکی سپی، هەواڵگریی ئەمریکا و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) کە لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوودا بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا کاریگەریی درێژخایەنیان دەبێت لەسەر ئاسایشی جیهان.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی كشتوكاڵ هۆشداریدەدات: بەهۆی كەمبوونەوەی ئاوەوە بەرهەمی گەنم كەمدەبێت

بابەتی دواتر

پەرلەمان گرانیی بەنزین بێ ئامادەبوونی وەزیری پەیوەندییدار تاوتوێدەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share