پەرلەمان گرانیی بەنزین بێ ئامادەبوونی وەزیری پەیوەندییدار تاوتوێدەكات

ڕۆژی سێشەممە پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە، بێ ئامادەبوونی وەزیری سامانە سروشتییەكان، پرسی گرانبوونی سووتەمەنییەكان تاوتوێدەكرێت.

د.رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بانگهێشتی سەرجەم پەرلەمانتارانی کردووە بۆ بەشداریكردن لە دانیشتنی پەرلەمان، بڕیارە دانیشتنەكە ڕۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە بەڕێوەبچێت.

چوار تەوەر بۆ دانیشتنەكەی پەرلەمان دیاریكراون، لە تەوەری یەکەمدا، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای (سەرپەرشتیكردنی پڕۆژەكانی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان-عێراق) دەكرێت، تەوەری دووەمیش دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتار (دابان محەمەد حسێن) لە ئەندامیەتیی لیژنەی دەسپاكیى پەرلەمانی كوردستان دەخرێتە دەنگدانەوە.

تەوەری سێیەم دوو بڕگەیە، بڕگەی یەكەم بریتییە لە خستنەڕووی دوایین بەدواداچوون و كارەكانی پەیوەست بە بابەتی سێ یەكەمەكان و وانەبێژان و ئامادەكارییەكان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار، لەلایەن لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.

بڕگەی دووەمیش تایبەتە بە خستنەڕووی بەدواداچوون و كارەكانی پەیوەست بە دۆخی سوتەمەنی و چارەسەرییەكان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار، لەلایەن لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی.

لە تەوەری چوارەم و كۆتاییشدا خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ چەند پڕۆژەیاسایەك دەكرێت:

  1.  پڕۆژەیاسای (هەمواری پیادەكردنی یاسای بازرگانی عێراقی، ژمارە (30)ى ساڵی 1984 لە هەرێمی كوردستان-عێراق).
  2. پڕۆژەیاسای (بەرهەمهێنان و هاوردەكردنی بنەتۆ و شەتڵ و تۆماركردن و پەسندكردن و پارێزگاریكردن لە تەرزە كشتوكاڵییەكان لە هەرێمی كوردستان-عێراق).
بابەتی پێشتر

گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا ئاسایشی جیهان دەخەنە مەترسییەوە

بابەتی دواتر

سەرۆكی تۆڕی میدیای عێراقی لە پۆستەكەی لادرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share