تەنها لە ماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا، 523 كەس لە فەرەنسا بە كۆرۆنا مردوون، بڵاوبوونەوەی پەتاكە گەیشتووەتە قۆناغێكی هێند مەترسیدار، داوای كەرەنتینەكردنی سەرتاسەری وڵاتەكە دەكرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 27ی تشرینی یەكەم، 523 كەس لە فەرەنسا بە كۆرۆنا مردن و 33 هەزار و 417 كەس تووشی پەتاكە بوون، ئەوەش بەرزترین ڕێژەی تووشبوون و مردنە لە ماوەی حەوت مانگدا لەو وڵاتە. ئامارەكانی ئەمڕۆ، كۆی ئەوانەی تا ئێستا لە فەرەنسا تووشی كۆرۆنا بوون، گەیاندە یەك ملیۆن 138 هەزار و 507 كەس، ئەوانەشی بە كۆرۆنا مردوون ژمارەیان بەرزبووەوە بۆ 34 هەزار و 716 كەس.
ئێستا فەرەنسا لە دۆخێكی هێند مەترسیداری بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا-دایە، حكومەت تەنها سێ ڕێگەی لەبەردەمدا ماون بۆ بەرگرتن لە زیاتر تەشەنەسەندنی پەتاكە، یەكەمیان كەرەنتینەكردنی سەرتاسەری وڵاتە، ئەوەش ئەو ڕێگەیەیە كە پزیشكان داوای دەكەن، بەڵام حكومەت دەڵێت، “ناتوانین، چونكە زیانە ئابورییەكانی كەمەرشكێن دەبن.”
بژاردەی دووەمی حكومەتی فەرەنسا، درێژكردنەوەی كاتەكانی قەدەغەی هاتوچۆیە لە تەواوی وڵاتدا بە جۆرێك ڕۆژانە لە كاتژمێر حەوتی ئێوارەوە بێت، نەوەك نۆی شەو.
سێیەم بژاردە و ڕێگەی بەردەم حكومەت بۆ كەمكردنەوەی قوربانییانی كۆرۆنا لە فەرنسا دا، كەرەنتینەكردن و سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆیە لەو ناوچانەی كە ڕێژەی تووشبوون تیایاندا بەرزە، یاخود كەسانی بەساڵاچوویان زۆرن، كە حكومەت بەهۆی لێكەوتە ئابورییەكانی دوو بژاردەكەی دیكەوە، زیاتر لایەنگری ئەمیانە.
دوێنێ پزیشكێكی فەرەنسی ڕایگەیاندبوو، فەرەنسا لە دۆخێكی مەترسیداری بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا-دایە و وتبووی، “كۆنترۆڵمان لەدەست دا، چیتر توانامان نییە بەسەر دۆخەكە دا زاڵببین.”