تووشبوون بە کۆرۆنا مەترسییەکانی سەر مێشک زیاتر دەکات وەک لە ڤاکسینەکان

توێژینەوەیەک کە “Nature Medicine Journal” بڵاویکردووەتەوە دەریدەخات، کۆڤید- 19 زیانی گەورەتر بە کۆئەندامی دەمار دەگەیەنێت بەروارد بەو دەنگۆیانەی باس لە زیانەکانی ڤاکسینەکان لەسەر کۆئەندامەکە دەکەن.

ئەو توێژینەوەیە کە لەلایەن زانکۆی ئۆکسفۆردەوە سەرپەرشتیکراوە، شیکاری کردووە بۆ تۆماری 23 ملیۆن تووشبووی کۆرۆنا و ئەوانەی لانیکەم ژەمێک ڤاکسینیان وەرگرتووە لە ئینگلتەرا، بەمەبەستی دیاریکردنی مەترسییەکان و ڕوودانی حاڵەتی نامۆ لە مێشکی بەشداربووەکاندا لە پێش و دوای تووشبوون بە کۆرۆنا یان وەرگرتنی ڤاکسینی ڤایرۆسەکە.

زانایان چاودێریی گۆڕانکاری و کاریگەرییەکانیان کردووە لەو ماوەیەدا کە لە کۆئەندامی دەماردا دروستبوون، دەرکەوتووە ڤاکسینەکان هۆکارن بۆ زیادبوونی دروستبوونی کەموکوڕی لە کۆئەندامی دەمار بۆ نمونە ئیفلیجبوونی دەمارەکانی شەویلگە و هەوکردنی توند لە دەمارەکان بەهۆی هێرشی سیستمی بەرگریی جەستە بۆسەر کۆئەندامی دەمار، کە ناسراوە بە Guillian Barre Syndrome.

بەڵام توێژینەوەکە دەریدەخات ئەو حاڵەتانەی بەهۆی ڤاکسینەکەوە ڕوویانداوە حاڵەتی کەم و دەگمەن بوون، لەکاتێکدا کاریگەریی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر کۆئەندامی دەمار و تووشبوون بەو کەموکوڕییانە، ژمارەیەکی زۆرتر و مەترسییەکی گەورەترن.

یەکێک لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە بەناوی جولیا هیبیسیلی باس لەوەدەکات، وەرگرتنی ڤاکسینەکانی دژەکۆرۆنا مەترسییەکانی سەر مێشک و کۆئەندامی دەمار کەمدەکەنەوە کە ئەگەر هەیە کەسێک لەكاتی تووشبوونی بە کۆرۆنا ڕووبەڕوویان ببێتەوە.

لایەنە بەرپرسەکانی ئەمریکا لە هەفتەی ڕابردوودا تووشبوونیان بە Guillian Barre Syndrome  وەک یەکێک لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی ڤاکسینی ئەسترازێنیکا دەستنیشانکرد.

بابەتی پێشتر

دوو تاوەری پاڵاوگەكەتان بیرماوە؟<br>لە 5 مانگی داهاتوودا لە سلێمانی ڕۆژانە 850 هەزار لیتر بەنزین بەرهەمدەهێنرێت

بابەتی دواتر

کارەبای سلێمانی: چیتر کارەبا بەو سیستمە کۆنە بەڕێوەناچێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share