بەرپرسانی ئەمریکا هۆشداری دەدەن لە جارێکی دیکە گەڕانەوەی داعش بۆ عێراق

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، دوێنێ هەینی 18ی ئەیلول بڵاویکردەوە، بەرپرسانی ئەمنیی ئەمریکا هۆشداری لە دووبارە گەڕانەوە و سەرهەڵدانەوەی داعش دەدەن لە عێراق، ئەمەش بە پشتبەستن بەو توانا داراییەی کە تاوەکو ئێستا ڕێکخراوەکە هەیەتی و پارێزگاری لێکردووە.

ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندووە کە ڕێکخراوی داعش خاوەنی چەندین کۆمپانیا و سەرچاوەی داهاتە لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا کە بەهایان دەگاتە سەدان ملیۆن دۆلار.

بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن ڕێکخراوەکە تاوەکو ئێستاش لەڕێگەی باجەوە بەشێک لە داهاتییان دەچێتەوە دەست لەو ناوچانەی کە لایەنگرانی ڕێکخراوەکەی تێدایە، هەروەها لەڕێگای کۆمپانیاکانیانەوە داهاتیان بۆ گەڕاوەتەوە و تاوەکو ئێستا پارێزگاری لێکراوە، سەرەڕای ئەو داهاتانەی لە ڕێگای بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەستیانکەوتووە.

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی سەرکەوتوو بوو لە شکاندنی ڕێکخراوی داعش و کوشتنی سەرکردەکەیان (ئەبوبەکر بەغدادی) و ڕزگارکردنی ئەو ناوچانەی سووریا و عێراق کە لەژێر دەسەڵاتی ڕێکخراوەکەدا بوون، هەروەها بێبەشکردنی لە داهاتی بەشێکی زۆر لەو کۆمپانیا و داهاتانەی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە دەچووە دەست ڕێکخراوی داعش، هەروەها بێبەشکردنیان لە بەشی هەرە زۆری ئەو باج و سەرانانەی لە خەڵکی ناوچەکانی ژێردەستییان وەردەگرت.

بارودۆخی ڕێکخراوەکە:

لە مانگی ڕابردوودا ژەنەراڵ فرانک ماکینزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا وتی، “بارودۆخی ناوخۆیی ڕێکخراوی داعش تاوەکو ئێستاش بەهێزە”، ماکینزی زیاتر وتی، “گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی کە ڕێکخراوەکە توانای دووبارە کۆنترۆڵکردنەوەی هەندێک ناوچەی هەیە، هەرچەندە ئەو دەستبەسەرداگرتنەیان بۆ ماوەیەکی کورتخایەنیش بێت”.

بەرپرسانی دیکەی ئەمریکاش دەڵێن، ئاماژەکان لەبارەی توانا داراییەکانی ڕێکخراوی داعشەوە ئەو مەترسییە نیشاندەدەن کە ڕێکخراوەکە توانای پاڵپشتیکردنی هێرشەکانی هەیە لانیکەم لە ساڵانی داهاتوودا، ئەم مەترسییەش زیاتر دەبێت لەگەڵ بڕیاری ئەمریکا بۆ کشانەوە و کەمکردنەوەی هێزەکانی لە عێراق.

لەگەڵ زیادبوونی هێرشەکانی داعش لەم مانگانەی دواییدا، ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریکی هۆشداریدا لە ئامادەیی داعش بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەو توانا و هێزانەی لەدەستییانداوە، هەروەها گومانی خۆشی نیشاندا لە توانا سەربازییەکانی سووریا و عێراق بۆ سەرکەوتن بەسەر ڕێکخراوەکە و کپکردنەوەی ئەو هێرشانەدا.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڵاویکردەوە کە یەدەگی ڕێکخراوی داعش دەگاتە 300 ملیۆن دۆلار، بەڵام نەتەوەیەکگرتووەکان لانیکەم بە 100 ملیۆن دۆلار خەمڵاندوویەتی.

لەلایەکی دیکەوە، مایکڵ نایتس، لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵات ڕاوێژێکی پێشکەشی ئەمریکا کردووە، “ڕێکخراوەکە تاوەکو ئێستا خاوەنی گەنجینەیەکی بەهێزە، تاوەکو ئێستاش لە عێراق پارێزگاری لە ئەو چەک و نارنجۆک و تەقەمەنییانەی کە پێویستن بۆ وەشاندنی گورز”.

هەروەها ڕاوێژکارانی ئەمریکا جەختیانلەوەکردەوە کە ئەو بەڵگانەی لەدوای ڕووخانی داعش دەستیانکەوتووە دەریدەخات کە ڕێکخراوەکە سەدان ملیۆن دۆلاری لە پرۆژە و وەبەرهێناندا خستووەتەگەڕ، لەناویاندا هۆتێل و پرۆژە بیناسازییەکانی دیکە، ئاماژەی بەوەشکردووە کە شارەزایان و پسپۆڕان لە لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی سەرجەم ئەو پرۆژانە و داخستنیان لە چوارچێوەی سزاکانی سەر ڕێکخراوەکەدا.

سەرچاوەکانی داهاتی داعش:

سەبارەت بە سەرچاوەکانی داهاتی داعش، بەرپرسێکی نەهێشتنی تیرۆر لە ئەمریکا دەڵێت، توتن یەکێکە لەسەرچاوەکانی داهاتی داعش، بەجۆرێک دەستیگرتووە بەسەر بازاڕی توتن لە پاکستان و ئەفغانستان کە بەهاکەی دەگاتە سەدان ملیۆن دۆلار.

هەروەها ڕێکخراوەکە هەوڵیداوە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکاربهێنێت بۆ بازرگانیکردن بە پێداویستییەکانی خۆپارێزی لەو ڤایرۆسە، لەو چوارچێوەیەشدا پیاوێکی بازرگانی تورکی سەربە ڕێکخراوەکە ماسک و پێداویستیی کڕیوە و لە ڕێگەی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بازاڕێکی دروستکردووە بۆ فرۆشتنەوەیان، هەروەها هەڵمەتی ناردن و کۆمەک کۆکردنەوەی بەناوی ئەو خێزانانەی لە کەمپی هولی سنوری نێوان سووریا و عێراق دەژین و خێزانی ئەندامانی داعشن ڕاگەیاند بۆ گەیاندنی پێداویستیی خۆپارێزی پێیان.

بەرپرسانی داعش هەستاون بە گواستنەوەی ئەو داهاتانەی سەربە ڕێکخراوەکەن لە ڕۆژهەڵاتی سوریاوە بۆ دوبەی لە ڕێگەی تورکیاوە.

بەرپرسانی ئەمریکا هۆشداریشییانداوە لەوەی داعش دەیەوێت دراوی ئەلیکترۆنی بەکاربهێنێت بۆ سودی خۆی و هانز جاکوب شانلەر، نێردەی پێشووی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، “دراوی ئەلیکترۆنی دەرفەتێکی باشە بۆ داعش و تیرۆریستانی دیکە، تاوەکو بچنە ناو سیستمی حکومەتەکانەوە و کۆنترۆڵی ئەم جۆرە دراوە بکەن وەک چۆن مەحاڵە ئەو تیرۆریستانە دەستنیشانبکەی کە سوودمەندی گەورەی ئەو دراوانەن.

بابەتی پێشتر

فەڕەنسا.. بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە دۆخێكی مەترسیداردایە و زۆرترین كەس مردوون

بابەتی دواتر

بایرن میونشن له‌ ڕووسیا به‌ سێ خاڵه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ و ئینته‌رمیلان یه‌کسانبوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share