بەڵگە بۆ بەكارهێنانی چەكی كیمیایی دەخاتەڕوو
کەجەکە نامەیەکی ئاراستەی یوئێن و ئەوروپا کرد

لە نامەکەدا تاوانەکانی شەڕ و کردەوە دژەمرۆییەکانی تورکیای خستووەتەڕوو

لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن تورکیاوە، کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە، نامەیەکی بۆ نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەولێر، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەیان، یەكێتیی ئەوروپا، یەکێتیی وڵاتانی عەرەبی و ڕێکخراوی نەمانی چەکە کیمیاییەکان (OPCW) نارد.

میدیاكانی نزیك لە پەكەكە بڵاویانكردەوە، ڕۆنی سەردەم بەناوی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکەوە، نامەیەکی بۆ نوێنەرایەتییەکانی ئەمریکا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، کەنەدا، بەریتانیا، هۆڵەندا، ڕوسیا و زۆرێک لە وڵاتانی دیکە لە هەولێر و نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەوروپا، ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی وڵاتە عەرەبییەکان و پارتە سیاسییەکانی ناوچەکە نارد.

بەپێی ئەو سەرچاوانە، كەجەكە لە نامەکەدا تاوانەکانی شەڕ و کردەوە دژەمرۆییەکانی تورکیای خستووەتەڕوو و ڕەخنەی لە بێهەڵوێستیی لایەنە پەیوەندیدارەکان گرتووە. داواشیكردووە بێدەنگی لەبەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بشکێندرێت و دەڵێت، “ئەو هێرشانە ئاسایشی ناوچەکە تێکدەدەن، ئەگەر ڕێگەچارەیەک نەدۆزرێتەوە ئەو بابەتە لە داهاتوودا ئەنجامی مەترسیداری بۆ هەموو خەڵک دەبێت”.

لەو نامەیەدا کەجەکە سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ لای بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لەلایەن تورکیاوە ڕاکێشاوە و بانگەوزی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە تا ئەو چەکانە ڕابگرێت کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە قەدەغەکراون و بە ئاشکرا پێوەرەکانی پەیمانی OPCW پێشێل دەکەن. وەك میدیاكانی نزیك لە پەكەكە ئاشكرایانكردووە.

ئاماژەشیان بە بەشێكی تری نامەکە كردووە كە دەڵێت، “پێشتر کاتێک وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکو سوریا و عێراق چەکی کیمیاییان بەکارهێنا، بینیمان کە ڕێکخراوەکەتان، زۆرێک لە حکومەتەکان و ڕای گشتیی نێودەوڵەتی لەزووترین کاتدا ناڕەزایەتییان نیشاندا، بەڵام بەداخەوە کاتێک بەشێوەی بەردەوام ئەو چەکانە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە سوریا، عێراق و تورکیادا بەکاردێت، هیچ هەڵوێستێکتان نییە”.

سەبارەت بە جۆری ئەو چەكە كیمیاییانەی توركیا بەكاریهێناون و بەڵگە بۆ ئەو كەیسە، نامەکە نمونەی خستووەتەڕوو و ڕایگەیاندووە، “فۆسفۆری سپی لە ساڵی 2019 لە شارۆچکەی سەرێکانی بەكارهێنراوە، کە بووەهۆی برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتیی مەدەنی و وتراوە پاش ئەو هێرشە، نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو تاوانەی دەوڵەتی تورکی شەرمەزار نەکردووە و هیچ سزایەکی نەدا. بەڵگەیەکی زۆر سەبارەت بە تاوانەکانی تورکیا کۆکراونەتەوە، کاتی ئەوە هاتووە کە بەشێوەی ئاشکرا شەرمەزاربکرێت و بەرپرسانی دەوڵەتیش دادگایی بکرێن”.

کەجەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، “ئەو بێدەنگییە هاندەری دەوڵەتی تورک بووە تا لە ڕۆژی 23ی نیسانی ئەمساڵەوە، چەکی کیمیایی لەدژی هەپەگە لە باشووری کوردستان بەکاربێنێت، لە نامەکەی کەجەکەدا هاتووە کە بۆ ماوەی پێنج مانگە هێرشی داگیرکەری ئەنجامدەدرێت و لەو هێرشانەدا، بەشێوەی بەردەوام چەکی کیمیایی لەدژی تونێلەکانی بەرخۆدان و دەیان گوندی نزیکیان بەکاردێت”.

لەدرێژەی نامەكەی كەجەكەدا هاتووە، “کەجەکە ناچارە بێدەنگیی وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکان وەکو ئەنجامی ڕێککەوتنێک لەگەڵ تورکیا لێکبداتەوە و وتراوە حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە زۆرجار تاوانی شەڕ و تاوانی دژەمرۆیی کردووە، بەڵام دیسان وەکو وڵاتێکی ئاسایی و دیموکرات هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت”.

لەکۆتایی نامەکەی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە بۆ كۆمەڵی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتیی ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبیدا هاتووە، “ئێمە ئاگادارین کە ئێوە وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان، لەنزیکەوە چاودێری بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن تورکیاوە و کاریگەریی هێرشە داگیرکارییەکانی لەسەر خەڵکی مەدەنی دەکەن، چاوەڕواندەکەین هەوڵەکانتان لەپێناو ڕاوەستاندنی ئەو هێرشانە زۆرتر بکرێن و بەکارهێنانی ئەو چەکانە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە شەرمەزار بکەن، ئەو هەنگاوانەتان بەشێوەی ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ڕزگارکردنی ژیانی خەڵک دەبێت”.

بابەتی پێشتر

پۆلیسی سلێمانی تۆمه‌تبارێكی به‌تۆمه‌تی‌ فێڵكردن ‌و ده‌ستبڕین دەستگیركرد

بابەتی دواتر

ئەمریكا ڕه‌زامه‌ندی نیشاندا له‌سه‌ر به‌كارهێنانی ژەمی سێیه‌می ڤاكسین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share