دەركەوت ژنەكە زیندووە.. ئەشكەنجە پیاوێكی ناچاركرد دان بە كوشتنی ژنەكەیدا بنێت

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەواڵێك شەقامی عێراقی هەژاند، پیاوێك بەتۆمەتی كوشتنی هاوژینەكەی دەستگیردەكرێت و لەژێر زەبری ئەشكەنجەدا دان بەوەدا دەنێت كە كوشتوویەتی و پاشان تەرمەكەی سووتاندووە، بەڵام دواتر هاوژینەكەی بە ساغ و سەلامەتی دەدۆزرێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا، پیاوێكی دانیشتووی شاری حلە، سەردانی پۆلیسی پارێزگاكەی كردووە و ئاگاداریكردووەتەوە لەوەی هاوژینەكەی دیارنەماوە و بێسەروشوێنە، بەڵام لەوێ دەستگیركراوە و بە زەبری ئەشكەنجە ناچاركراوە دان بەوەدا بنێت كە هاوژینەكەی كوشتووە.

دوای چەند ڕۆژێك، دەركەوت هاوژینی ئەو پیاوە زیندووە و لە پارێزگای میسانە، دواتر گەڕایەوە بۆ پارێزگای بابل و لەوێوە كەیسەكە ڕێڕەوێكی دیكەی وەرگرت.

بڵاوبوونەوەی هەواڵەكە، كاردانەوەی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، خوودی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق هاتەدەنگ و لیژنەی لێكۆڵینەوەی پێكهێنا.

لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، عەمید- عادل عەناوی، وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی بابل ڕایگەیاند، “لیژنەی لێكۆڵینەوە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ و فەرماندەیی پۆلیسی بابلەوە پێكهێنراوە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ كەیسەكە”.

ئاشكراشیكرد، “ئەو ئەفسەرەی هاوڵاتییەكەی ئەشكەنجەداوە، دەستبەسەركراوە و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت”.

بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەبارەی كەیسەكە و ڕێڕەوە یاساییەكەی، تۆڕی میدیایی ئێستا پەیوەندیكرد بە پارێزەر ئەركان حەمدانی، ئەندامی دەستەی ئینتیداب لە دادگای كەتنی بابل، حەمدانی ئەندامی ئەو لیژنەیەیە كە مستەفا كازمی بۆ لێكۆڵینەوە لە كەیسەكە پێكیهێناوە و لە لێدوانەكەیدا ڕایگەیاند، “كەیسەكە لەوێوە دەستیپێكرد كە هاوسەری ئەو ژنە، پۆلیسی ئاگاداركردووەتەوە لەوەی هاوژینەكەی بێسەروشوێنە، كەچی كەیسەكەی لە هەواڵدەرەوە گۆڕدراوە بۆ تۆمەتبار و دەستبەسەركراوە، دواتر بە زەبری ئەشكەنجە ناچاركراوە دان بەوەدا بنێت كە هاوژینەكەی كوشتووە”.

ڕوونیشیكردەوە، “دوای ئاشكرابوونی چارەنووسی هاوژینەكەی، ئەو پیاوە بانگەشەی ئەوە دەكات كە لەلایەن ئەفسەرێكی لێكۆڵینەوەوە ڕووبەڕووی ئەشكەنجەدانێكی زۆر بووەتەوە و لەژێر زەبری ئەشكەنجە و فشاری جەستەیی و دەروونیدا دانی بە تاوانێكدا ناوە كە ئەنجامینەداوە”.

ئەندامەكەی دەستەی ئینتیدابی دادگای كەتنی بابل، باس لەو ڕێڕەوە یاساییە دەكات كە كەیسەكە وەریدەگرت ئەگەر چارەنووسی ژنەكە ئاشكرانەبووایە و بێتاوانیی هاوژینەكەی نەسەلمێندرایە و وتی، “بەپێی ماددەی 406/1 لە یاسای سزادان، سزای ئەو پیاوە لەسێدارەدان دەبوو، لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس تەواوكرابوون و تەنها ئەوە مابوو ڕەوانەی دادگای تاوانەكانی بابل بكرێت بۆ ئەوەی دادگاییكردنەكەی تەواوببێت و سزاكەی بەسەردا بسەپێندرێت”.

لەدرێژەی لێدوانەكەیدا بۆ “ئێستا” ئەركان حەمدانی ئاشكرایكرد، لێكۆڵینەوە لە كەیسەكە دەستیپێكردووە و دادگا و وەزارەتی ناوخۆ و فەرماندەیی پۆلیسی بابل بەدواداچوون بۆ كەیسەكە دەكەن و “بەچاودێریی سەرۆك وەزیران، تا درەنگانی شەوی ڕابردوو كۆبوونەوە لەبارەی ئەو كەیسەوە كراوە”.

سەبارەت بە پابەندییەكانی دەوڵەت بەرامبەر بەو پیاوە كە حەمدانی بە “قوربانی” ناوزەدیكرد و ئایا مافی وەردەگیرێتەوە و بەپێی یاسا قەرەبوودەكرێتەوە؟، ناوبراو ڕایگەیاند، “ئەو ئەفسەرەی قوربانییەكەی ئەشكەنجەداوە دەستبەسەركراوە و بەپێی ماددەی 333 لە یاسای سزادانی عێراقی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، كە بریتییە لەوەی لێكۆڵەرەوە لەڕێگەی فشار و ئەشكەنجەدانەوە تۆمەتبار ناچار بە دانپێدانان بكات”.

وتیشی، “بەدەر لەوەی ئەو هاوڵاتییە مافی هەیە سكاڵا تۆماربكات و دادگا قەرەبوویبكاتەوە، سەرۆك وەزیران فەرمانیكردووە لەڕووی داراییەوە قەرەبووبكرێتەوە”.

بابەتی پێشتر

قائیمقامیەتی سلێمانی: بە دروستکردنی شارەوانییەک کێشەی تووە سپی چارەسەردەکرێت

بابەتی دواتر

وادەی دابەزینی نرخی مریشك ئاشكراكرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share