تۆپی پێ بە وەرزشیی هەژاران ناوی دەکردووە و زۆرینەی ناودارانی بوارەکە سەرەتا لە خێزان و گەڕەکە هەژارنشینەکانەوە دەرکەوتوون تا گەیشتون بە ئاستی دەوڵەمەندبوون.
زۆرینەی یاریزانانی بواری تۆپی پێ لە چاوپێکەوتنەکاندا جەختیان کردۆتەوە، کە ژیانێکی ناجۆریان هەبووە و هەندێکیان بەهۆی هەژارییەوە ناڵاندوویانە، لەنمونەی: نایمار دا سیلڤا و کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و ڕۆناڵدۆی دیاردە و زۆرینەی ئەستێرەکانی بەرازیل و ئەلێکسیز سانچێز و چەندینێکی دیکە.
هەژاری بابەتێکی بەستراو نییە بە یاریزانانەوە، بەڵکو سروشتی یارییەکە وایکردووە ڕێژەی هەژاران تیایدا بەرزتر بێت، ئەگەرنا لەجیهانی تۆپی پێدا چەندین یاریزان لە خێزانی دەوڵەمەندەوە پێگەیشتوون و ناویان دەرکردووە، واتا پێویستیان بە یانەکانیان، یاخود موچەی پێدراو نەبووە بۆ گەیشتن بە ژیانی سەرمایەداری.
ئەو یاریزانانەش پێکهاتوون لە:
1. ڕیکاردۆ کاکا: ڕیکاردۆ ئیزاکسۆن دۆس سانتۆس لیتی ئەستێرەی دێرینی هەڵبژاردەی بەرازیل، خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهانی بەدەستهێناوە، بۆسکۆ ئیزاکسۆن پێرێرا لیتی باوکی ئەندازیار بووە و دایکیشی مامۆستا بووە، خێزانێکی ئۆرستۆکراتی و دەوڵەمدن بوون، تەنانەت بەرلەوەی کوڕەکەیان بگاتە لوتکەی تۆپی پێ.
2. جێرارد پیکێ: خێزانی بەرگریکارەکەی بارسا خێزانێکی دەوڵەمەند بوون، خوانی باوکی یەکێکبووە لە پارێزەرە ناودارەکانی کەتەلۆنیا و لەهەمان کاتدا بازرگان بووە، دایکی “مۆنتسرێر” بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی بەرشلۆنە بووە، ئامادۆر بێرنابیۆی باپیری ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری بەرشلۆنە بووە. پیکێ هاوسەری شاکیرای گۆرانیبێژی ناوداری کۆڵۆمبیایە و لەئێستادا خاوەنی کۆمپانیای “کۆزمۆس”ی تایبەت بە بوارە تەلەڤیزیۆنیەکانە.
3. هوگۆ لۆریس: باوکی بەڕێوەبەری بانک و دایکی پارێزەربووە، لە گەڕەگی دەوڵەمەندەکان لەشاری نیس لە ڕیڤێرای فەرەنسی ژیاون، دایکی پارەی بۆ تەرخانکردووە ڕۆژانە وانەی فێربوونی یاریی تێنسی سەرزەوی بخوێنێت، بەڵام لەکۆتاییدا کوڕە نازدارەکەیان ڕوویکردۆتە تۆپی پێ و لەئێستادا یاریزانێکی ناوداری هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەی تۆتنهامی ئینگلیزییە.
4. ئۆلیڤەر بێرهۆف: ئەستێرە دێرینەکەی ئەڵمانیا باوکی “ڕۆڵف بێرهۆف” خاوەنی کۆمپانیای وزە بووە، یاریدەدەری کوڕەکەی بووە بۆ بوون بە یاریزانێکی ناودار و لەوەشدا سەرکەوتوو بووە، بێرهۆف بەدرێسی مەکینەکانی ئەڵمانیا و چەندین یانەی ناوداری وەک هامبۆرگ و بوروسیا مونشنگلادباخ و ئودینێزی و میلان و مۆناکۆ یاریی کردووە.
5. ڕۆبن ڤان پێرسی: باوک و دایکی ڤان پێرسی هونەرمەندی ناوداری وڵاتەکەیان بوون، باوکی پەیکەرتاش و دایکی نیگارکێش و دیزاینەری خشڵ و زێڕ بووە، بەهۆی جیابوونەوەی باوانیەوە ژیانێکی سەربەستی بەڕێکردووە و لەهەردوو جەمسەری دایک و باوکیەوە پارەی بۆ تەرخان کراوە، لەم بارەیەوە دەڵێت :” بەهۆی جیابوونەوەی دایک و باوکمەوە ژیانێکی سەربەستم بە دەوڵەمەندی بەڕێکرد تا بوومە یاریزانێکی پڕۆفیشناڵ”.
6. ماریۆ گۆتزە: ئەستێرەکەی ئەڵمانیا کە تۆمارکەری تاکە گۆڵی فاینەڵی مۆندیالی ٢٠١٠ بوو، کوڕی پڕۆفیسۆر یۆرگن گۆتزەیە کە سەرۆکی زانکۆی دۆرتمۆندی تەکنەلۆجییە، خاوەنی سەروەتێکی زۆرن و هەندێک لەسەرچاوەکان پێیان وابووە پارە و ماڵ و موڵکی باوکی یاریزانەکە کاریگەری لەسەر ژیانی و یاریکردنی کوڕەکەی بۆ یانەی بوروسیا دۆرتمۆند هەبووە.
7. ئەندریا پێرلۆ: باوکی مایسترۆ خاوەنی کۆمپانیای ئاسن و پۆڵا بووە لە بریشیا، لە منداڵیەوە پشکی لە کۆمپانیاکانی باوکی هەیە و لەڕووی داراییەوە خێزانەکەی بە دەوڵەمەندترین هەژمار دەکرێن لەنێو سەرجەم ناودارانی بواری تۆپی پێ لە ئیتاڵیا.
8. جیانلوکا ڤیالی: هێرشبەرەکەی پێشووی سامپدۆریا بە منداڵی لەگەڵ باوانی و چوار خوشک و برای لە کاستێللۆ دی بیلگوێسۆ لە کریمۆنا ژیاوە، باوکی بەڕەچەڵەک دەوڵەند بووە و سەرمایەی باپیرانی بۆ ماوەتەوە و ملیۆنێرێکی ناوداری ئیتاڵیایە، بەهۆیەوە کوڕەکەشی ژیانێکی تێروتەسەل ژیاوە و هەرگیز پێویستی بە پارە و موچەی یانەکانی نەبووە بۆ گەیشتن بە پلەو پایەی بەرز.