نوێکردنەوەی بۆندی مێسی، سەرکەوتن یان هەڵەی گەورەیە؟

ڕۆژنامەیەکی ئینگلیزی نوێکردنەوەی بۆندی لیۆ مێسی بە گەورەترین هەڵەی سەردەمی خوان لاپۆرتا وەسفدەکات.

ڕۆژنامەی دەیلی میرەری بەریتانی ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە بارودۆخی یانەی بەرشلۆنە بڵاوکردووەتەوە، تیایدا ئاماژە بە شکستی دارایی یانەکە دەکات لەسەردەمی قەیرانەکاندا.

سەرچاوەکە لەزاری ڕۆژنامەکانی لاڤانگواردیا و دیاریۆ فوتباڵەوە ئاشکرایکردووە، قەرزە کەڵەکەبووەکانی بارسا گەیشتووەتە ملیارێک و 173 ملیۆن یورۆ، لەکاتێکدا ڕێژەی موچەی یاریزانان 671 ملیۆن یورۆی ساڵانەیە و داهاتی یانەش 160 ملیۆن یورۆ کەمیکردووە.

تەنانەت بەهۆی بەرزی ڕێژەی موچەی یاریزانانەوە، ئیدارەی لاپۆرتا نەیانتوانیوە ناوەکانی ئەگوێرۆ و ئیمێرسۆن و دیپای لە لیستی یاریزانان ناونوسبکەن، چونکە لەم حاڵەتەدا ڕێژەکە ناهاوتابوون لە داهات و خەرجی دروستدەکات و دەبێتە هۆی سزادانیان.

نوێکردنەوە هەڵەیەکی گەورەیە

لاڤانگواردیۆلا نوسیویەتی، نوێکردنەوەی بۆندی مێسی بۆ ماوەی پێنج وەرز تەنانەت بە کەمکردنەوەی لەسەدا 50ی موچەکەشییەوە هێشتا هەڵەیەکی گەورەیە، چونکە پێشتر دەبوو چەندینێکی وەک گریزمان و دێمبیلی و ئومتیتی بفرۆشرێن، هەروەها یاریزانانی وەک پیکێ و بوسکێتس و پیانیچ موچەکانیان بۆ نیوە کەمتر کەمبکرێتەوە.

سەرچاوەکان پێیانوایە، نوێکردنەوەی بۆندی یاریزانێکی تەمەن 34 ساڵ بۆ پێنج وەرز، کە تیایدا هاوشێوەی ڕابردوو کاریگەری دروستناکات، هەڵەیەکی گەورەیە، بەڵگەشیان بە لێدوانەکانی کارلیس توسکێسی سەرۆکی کاتیی یانەکە هێناوەتەوە، کە ڕایگەیاندووە، “فرۆشتنی مێسی باشترین چارەسەربوو بۆ ڕزگاربوون لەو قەیرانە قورسەی بەسەرماندا هاتووە”.

بەبۆچوونی توسکێس، فرۆشتنی مێسی بە 200 ملیۆن یورۆ، دووجار یانەی بەرشلۆنەی لە قەیرانەکان دەربازدەکرد، یەکەم وەک ڕێژەی موچە، دووەم وەک داهاتێک بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکان.

یاریزانەکە ناگەڕێتەوە

نوێکردنەوەی بۆندەکان، یاخود فرۆشتن و کڕینی میرکاتۆی بەرشلۆنە تاوەکو 18ی ئاب بەردەوامی دەبێت، چیتر لەدوای ئەو وادەیە هەموو شتێک ڕادەگیرێت، چونکە لەو وادەیەوە دەرفەتێکی کەم لەبەردەستدایە بۆ ناونوسکردن و خوێندنەوە بۆ وەرزی نوێ.

بەپێی سەرچاوەکان، بۆندی مێسی یەکلاییبووەتەوە، بەڵام بەهۆی چارەسەرنەبوونی بابەتی داهات و جەرجی، ناوبراو لە پشووی هاوینە بەردەوام دەبێت، تاوەکو بەفەرمیبوونی بۆندەکەی ناگەڕێتەوە بۆ شاری بەرشلۆنە، تەنانەت بەشداری ڕوبەڕوبوونەوە ئامادەکارییەکان ناکات و ڕەنگە یارییەکی سەرەتای وەرزیش لەدەستبدات.

 

بابەتی پێشتر

بەغداد.. ژنێك دەستگیركرا، بازرگانیی بە منداڵی ساواوە كردووە

بابەتی دواتر

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە كۆبوونەوەدایە و گۆڕانكارییەكان تاوتوێدەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share