کاروان ئەنوەر: ئەو نەعلەی کاتی خۆی ترسی لە دڵی دوژمن دەخوڵقاند ئێستا درۆنەکان نایکەن

کاروان ئەنوەر، نووسینێکی بە ناونیشانی ‘چەکی پێڵاو’ لە (سێگۆشەی خڕ) کە گۆشەیەکی ھەفتانەیە لە ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ) بڵاوکردووەتەوە.

ئەمەی خوارەوە دەقی نووسینەکەیە:

كێ لە ئێمە گیرۆدەی چەكی پێڵاو نەبووە، بەری سمت، لامل و گازەرای پشت و بناگوێ وناوشان و لاڕانی نەکەوتبێت؟ ئیتر (نەعل، پاپوچ، پانی بەرز، پاتەی لاستیک، قاپقاب، كالە، باتا، ئەدیداس، قەڵتاغ، کڵاش، پۆستاڵ، کڵاشی دۆمی، جاشکەوش، پۆتین، پوت، جزمە….هتد) بووبێت! ڕاستە ئەم چەکە (پێڵاو) کلاسیک بوو، هەروەک (ساچمەزەن، ماوزەر، بڕنەو، سەمینۆف، حەوت تیر… ووو) بەڵام باوەڕبكەن ئەو نەعلە، ترس و فۆبیایەكی لەدڵی دوژمندا دەخولقاند درۆنەكانی ئێستا نایكەن، جار هەبووە نەخشی ژێر نەعل یان كڵاش بە پشتی دوژمنەوە چاپ بووە و سوێی بە دڵیەوە بردووە، ئیتر سیستمی سزا و پاداشت هەروابووە، مەرجیش نییە هەموو جارێک گۆزە لە كانی بە ساغی بێتەوە.

ئێستا، لەوەتەی ترۆمبێل زۆر بووە، شكور خەڵک و خێزانەکان ترۆمبێلیان هەیە، بەمەش تەمەنی پێڵاوەکان درێژتر بووە و نادڕێن و کۆن نابن، ناشبرێن بۆلای (پینەچی، پینەدۆز، ئیسکافی، پێڵاودروو…) پێشتر یەکێک لە کێشەکانی خێزان ئەوەبوو، منداڵەکان و باوکیان، هەر دوومانگ جارێک جوتێک پێڵاویان دەدڕاند، جارێک پینەدەکرا و جارێک بنی لێدەدرایەوە، جارێکی تر بە نەشتەرگەری قورس چارەسەردەکرا، دواتر دەبووایە بیر لە کڕینی جوتێک پێڵاوی تر بکرایەتەوە، ئەوەش كارەساتبوو، پێڵاو بەو نازدارییەوە، دوعامان دەکرد نەدڕێت، چونكە هەڕەشەی ئەوەمان لێدەکرا کە ئەم قەڵتاغە دەبێت بەشی ساڵێکت بکات، ئەگینا پێڵاوی لاستیکت بۆ دەکڕین! سەیر ئەوەیە ئێستا، پێڵاوم هەیە 15 ساڵە دەیڕەتێنم، كەچی هێشتا لەپێی دەکەم و کۆن نەبووە، کەواتە با بپرسم پێڵاوی ئێستا كار و پێزانینی زیاترە یان ئەوکاتەی کە تەنیا بەشی دوو مانگی دەکرد؟

با بیفەلسەفێنم.. مێژووی دوور و نزیک دەیان نموونەی شەڕوشۆڕمان بۆ باس دەکات کە جەنەراڵ و ئەفسەر و پلەباڵاکانی شەڕ، بێ پرسی دەوڵەت، بە چەندین دەست و دەسیسە جەنگیان بەرپاکردووە، تاوەکو سوپا و هێزە چەکدارەکان لەسەر دڵ بمێنن و پشتگوێ نەخرێن، وڵات هەبووە داگیركراوە دەوڵەتی داگیركەر ئاگادار نەبووە، نموونەی ژاپۆن كە مەنشۆریای داگیركرد، جا بڕوانە ئەو سوپایەی جەنگ بەرپا دەکات، سەرە گەورەکان پارە و نیشان و ڕێز و پلەبەرزکردنەوەیان بەردەکەوێت، لە کاتێکدا سەدان سەرباز دەمرن، سەدان ژن بێوەژن دەکەون و هەزاران منداڵیش هەتیو دەبن، هەر ئەوەندە نا، زۆڵیەتی و نەفرەتیی هەندێک لە کۆمپانیاکانی جەنگ و دروستکردنی چەک لەوەدایە کە جۆرەها چەک دروست بکەن کە تەنیا بریندارکردن و کەمئەندامکردنی سەربازەکانی بەرانبەر بکات، مین هەیە کە قاچی بەردەکەوێت، بەرزدەبێتەوە و لە ئاستی دەموچاودا دەتەقێتەوە، سەربازەکە ناكوژێت بەڵام کوێری دەکات، یان لەهەندێک حاڵەتدا، تەنیا ئەو بریندارەی لە جەنگەکەدا بەردەكەوێت، چەندین کەس و سەربازی تر بە خۆیەوە سەرقاڵ دەكات بۆ چارەسەر و تیمار، یان بۆ کشانەوە و گواستنەوەی كەسی بریندار بۆبەشی دواوەی بەرەکانی شەڕ، ئەوسا دەبێت دەوڵەت هەتا لەژیاندا ماوە خەریکی بەخێوکردنی ئەو کەمئەندامە بێت، كەواتە ئەم چەكانە لەچەكی كوشتن كاریگەرترو روخێنەرترن، ئەم هەموو تەکنیک و تەکتیک و زۆڵێتییەی لە جەنگدا بەکاردەهێنرێن، سەرچاوەکەی لەو پلان و پیلان و هێرشی پێڵاوەوە دەستیپێکردووە، کە چەندە سەرەتاییش بوون، بەڵام کاریگەرییان لە مین و موشەک و درۆن و فڕۆکەکان کەمتر نەبوو، چونکە ئەو منداڵەی نەعلەکەی تێدەگیرا، باڵای کەمێک لە نەعل و پێڵاوەکە بەرزتر بوو.

بۆیە هەڵسەنگاندنی شەڕەکان بە گەورەیی چەکەکان نییە، ئەوەندەی بە ناسینی چەكوەشێنەكانە، بۆنموونە چەكی تاكەنەعلەكەی دایك تەنیا جەنگی دەروونی بوو، هەروەک هەندێک لە مووشەكەكانی ئەم جەنگانەی ئەم دواییە بۆ ترس و تۆقاندن بوون، تا بزانرێت لایەنی بەرانبەر چەند بەرگەدەگرێت یان كاردانەوە و پەرچە كردارەكان چین، بۆیە دەڵێم، جەنگی دەروونی لەنەعلەكەوە دەستیپێكردووە.

ئێستا پەیوەندیی نێوان جەنگ، شەڕ، ترۆمبێل، گیزە و ویزەی پێڵاوەكان لەگەڵ هەڕەشە و گوڕەشەی ئاشتبوونەوە لەسەر مێزی خڕی دانوستانەكان، دەبەستمەوە بەو جەنگە دەرونییەی کە هەمیشە زمانی شەڕ لەباڵی هەڵۆكان لە دژی باڵی كۆترەكان بە پێڵاوەوە دەیبەستێتەوە، وەک ئەوەی لایەک لە گەورەیی هێز، چەک، تفاق و جبەخانەی دوژمنەكەی دڵنیابێت، کەچی بڵێت حسابی تاكێك پێڵاوی بۆ ناکەم، ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی: داوامانکردووە فشار بکرێت بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەی سلێمانی

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، داوایان لە کۆمپانیاکان کردووە، فشار دروستبکەن بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.…
Total
0
Share