لە فیزیادا، وزە چەندێتییەکی پێوانەییە کە دەکرێت بە ھۆی ھێزێکەوە بگاتە ئەنجام، بەگشتی وزە توانای کارە لە یەکەی کاتدا. بە شێوەیەکی گشتی وزە لە رووی چۆنیەتیی دروستبوونەوە چەند جۆرێکە، بۆ نموونە، وزەی ناوەکی، وزەی ئەلیکترۆنی، وزەی میکانیکی، وزەی گەرمی، وزەی موگناتیسی، وزەی کارۆموگناتیسی و وزەی رووناکی.
وزەی با ئەو پرۆسەیە کە بەکاردێت بۆ بەرهەمهێنانی وزەی میکانیکی یان کارەبا، وزەی با بەهۆی تۆڕباینی با بەرهەمدەهێنرێت کە جوڵەوزە لە با دەگۆڕێت بۆ وزەی میکانیکی و کارەبا، بەشێوەیەکی گشتی بەسەر چەند کێڵگەیەکی با بەستراوەتەوە بە تۆڕی کارەباوە.
بۆیە، دەتوانین وزەی با بە گۆڕینی لە وزەیەكی جوڵاوی با، بۆ وزەیەكی میكانیكی یاخود كارەبایی پێناسەبكەین، كە دەتوانرێت بەكاربهێنرێت بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، پێشتر، لە كۆنیشدا وزەی با بۆ چەندین ئەرک لەوانە لە بوارەكانی بەروبوم و ئاودا لە رێگەی ئاشێكەوە بەكارهێنراوە، بەڵام ئێستا بەكاردەهێنرێت بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا ئەویش بەبەكارهێنانی وزەی خولانەوە و تاوەری با، بەمەبەستی بەرهەمهێنانی كارەبا.
تاوەری با یان تۆڕباینی با چییە؟
تاوەری با دوو جۆری هەیە، كە بەكاردەهێنرێت بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، ئەوانیش تاوەری (با)ی ئاسۆیی و تاوەری (با)ی ستوونییە، زۆرجار تاوەرە ئاسۆییەكان لە دوو یان سێ (باڵ) پێكدێن، كە رووبەڕووی هێزی (با) دەبێتەوە و دەخولێتەوە، لە ئێستاشدا ئەم جۆرەیان باوە، بەڵام تاوەرە ستوونییەكان چەند باڵێكی هەیە، كە لە خوارەوە درێژدەبێتەوە بۆ سەرەوە و لە ئێستادا بەكارناهێنرێت.
پانی تاوەری (با)ی ستوونی 15.2 مەتر دەبێت، بەڵام تاوەرە ئاسۆییەكان پانیەكەی 60.9 مەتر دەبێت، ئەمانەش دابەشدەبن بەسەر گەورە و بچووكدا بەپێی توانایان بۆ بەرهەمهێنان، بەشێوەیەک بچووكەكانیان بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبای ماڵان و شوێنی بچووک بەكاردێت، گەورەكانیش بۆ شوێنی گەورەتر دادەنرێت، كە پێیدەوترێت كێڵگەی با بۆ بەرهەمهێنانی وزە.
بەپێی ئامارەكانی ئیدارەی وزەی ئەمریكا، گەورەترین كێڵگەی با لە جیهاندا دەكەوێتە ناوچەی هۆرس هۆڵو لە تەكساس، كە پێكدێت لە 421 تاوەری با، كە ساڵانە كارەبای زیاتر لە 220 هەزار ماڵ بەرهەمدەهێنێت.
تایبەتمەندییەكانی وزەی با
وزەی با چەندین تایبەتمەندی هەیە، لەوانە:
– بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لە (با) كەمترین تێچووی دەوێت، بۆیە ئەو كارەبایەی لەو رێگەیەوە بەرهەمدێت بەنرخێكی جێگیر دەفرۆشرێت.
– رەخساندنی هەلی كار: بەرهەمهێنانی كارەبا لە رێگە (با) چەندین هەلی كار دەرەخسێنێت بەتایبەتی لە وڵاتێكی وەک ئەمریكا بە جۆرێكە ئەو كەسانەی لەو بوارەدا كاردەكەن زۆرترین كاریان دەستدەكەوێت.
– سەرچاویەكی وزەی پاكە: ئەو كارەبایەی لەئەنجامی (با) بەرهەمدێت بەهیچ شێوەیەک نابێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، بەپێچەوانەی بەرهەمهێنانی كارەبا لەرێگەی غاز یاخود گازەوە دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە.
– وزە نوێبووەكان: وزەی با بە یەكێک لە شێوازەكانی بەرهەمهێنانی وزەی خۆر دادەنرێت، چونكە (با) لە ئەنجامی گەرمبوونی بەرگەهەوا لە رێگەی خۆر و خولانەوەی زەویەوە دروستدەبێت.
– بەرهەمهێنانی كارەبا لە رێگەی (با)وە لە كێڵگە كشتوكاڵییەكان و ناوچە دوورە دەستەكاندا گرنگییەكی تایبەتی هەیە كە جوتیاران و ئەوانەی ئاژەڵ بەخێودەكەن دەتوانن بەردەوامیی بەكارەكانیانبدەن.