کریستیانۆ هیچ خەسڵەتێکی پیرپوونی تیادا دەرنەکەوتووە و خەو و خواردنیشی بە پلانە

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالی جەنگی دژی تەمەن ڕاگەیاندووە و لە کۆتا گرتەکاندا دەردەکەوێت، کە هیچ خەسڵەتیکی پیربوونی تێدا دەرنەکەوتووە.

لەساڵی ٢٠١٥ یانەی ڕیاڵ مەدرید بە ئەنجامی چوار گۆڵی بێوەڵام بەرانبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید دۆڕاندنێکی ئابڕوبەری تۆمار کرد، پاش چەند خولەکێک لەو شکستە کریستیانۆ بە ئامادەبوونی (١٥٠) کەسی نزیکی ئاهەنگی لەدایکبوونی بۆ تەمەنی (٣٠) ساڵی گێڕا و لەسەر تۆنەکانی کاریۆکی سەمای دەکرد، ئەم جوڵەیەش کاردانەوەی توندی لایەنگرانی ڕیاڵی لێکەوتەوە و بە پەککەوتە و لاواز لەڕووی جەستەییەوە وەسفیان کرد.

ڕۆژنامەی دەیلی مەێڵی بەریتانی لەم بارەیەوە ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە، تیایدا بە ئاشکرا دەریدەخات کە دۆنی پورتوگال لەدژی تەمەن جەنگی ڕاگەیاندووە، بەڵکو لەساتی ئاهەنگگێڕانەکەیەوە تا ئێستا هیچ خەسڵەتێکی پیربوون و کەوتنی وەرزشیی پێوەدیارنییە.

دەرکەوتنە نێودەوڵەتییەکان

کریستیانۆ بەرلەوەی تەمەنی ببێتە (٣٠) ساڵ توانیبووی (٥٢) گۆڵ لە (١١٨) یاریی نێودەوڵەتی بەدرێسی پورتوگالەوە تۆمار بکات، سەیر لەوەدایە لەتەمەنی (٣٠ بۆ ٣٥ ساڵی واتا تائێستا) لەکۆی (٤٦) دەرکەوتنی نێودەوڵەتی (٤٧) گۆڵی تۆمار کردووە، نازناوەکانی یورۆ و خولی نەتەوەکانی ئەوروپاشی چنیوەتەوە و چەندین خەڵاتی فەردی بەدەستهێناوە، نزیکە ڕیکۆردە مێژووییەکەی عەلی دائی ئەفسانەی ئێرانی وەک باشترین گۆڵکاری نێودەڵەتی بەدرێژایی مێژوو بشکێنێت (١١٨ گۆڵ).

چامپیۆنز لیگ

کریستیانۆ بەر لەوەی تەمەنی ببێتە (٣٠ ساڵ)، لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا توانیبووی لە (١٠٩) دەرکەوتندا (٧٢) گۆڵ تۆمار بکات، لەدوای یادی لەدایکبوونی (٣٠) بەدرێسی یانەکانی ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنەوە لەکۆی (٥٩) یاریی (٥٦) گۆڵی تۆمار کردووە، هەروەها سێ جار نازناوەکەشی بەدەستهێناوە.

داتاکانی “سی ئاڕ ٧” دەریدەخەن کە لەیەکەم دەرکەوتنیەوە بەدرێسی یانەی سپۆرتینگ لشبۆنە (١٧ ساڵ) بۆ تەمەنی (٣٠) ساڵی توانیویەتی (٣٦٠) گۆڵ تۆمار بکات، لە تەمەنی (٣٠ بۆ ٣٥) ساڵیشدا توانیویەتی (٢٦٥) گۆڵ تۆمار بکات، ئەو ڕێژەیەش بەنسبەت یاریزانێکەوە لەو ئاست و تەمەنەدا مەحاڵە دووبارە بکرێتەوە.

هۆکاری ئاست بەرزییەکەی چییە؟

بەپێی زانیارییەکانی دەیلی مەیڵ، کریستیانۆ ژیانی بەپێی پلان بەڕێدەکات و لە ڕۆژێکدا شەش ژەمە خۆراک دەخوات لەنێوان هەر سێ بۆ چوار کاتژمێرێکدا، جۆری ژەمەکانیش سەرجەمی فرێشن و لەنێوان ماسی و گۆشتی مریشک و سەوزە و پەنیر و چەندین جۆری دیکەدا خۆی دەبینێتەوە.

هەروەها شێوازی خەوتنی بەهەمان شێوە جیاوازە و بەپێی پڕۆگرامێکی دیاریکراوی پڕۆفیسۆر نیک لیتڵهالیس، لەڕۆژێکدا پێنج جار بۆ ماوەی (٩٠) خولەک دەحەوێتەوە و خەوتنی هەشت کاتژمێری لەژیانیدا بوونی نییە، ئەم پڕۆگرامەش دیزاینکراوە بۆ کەسێکی وەک ڕۆناڵدۆ کە هەموو ژیانی لە مەشق و ڕاهێناندا بەسەردەبات.

هەموو ئەمانەش وا دەکەن هیچ خەسلەتێکی پیری بە یاریزانەکەی بیانکۆنێرییەوە دیارنەبێت و ڕەنگە ئەم بارودۆخەش تا ماویەەکی دیکە بەردەوامی هەبێت.

بابەتی پێشتر

پزیشکەکان هۆشداری دەدەن.. گۆڵی کوشندە بەڕاستی کوشندەیە و کۆرتیزۆل مەترسی دروست دەکات

بابەتی دواتر

(فیفا) جەنگی دژی لێپرسراوی کاروباری یاریزانان ڕاگەیاندووە و (١٠٠) بریکار دووردەخاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share