لە ڕۆما چوار ئاڵنگاری چاوەڕێی مۆرینیۆ دەکەن

گەڕانەوەی جوزێ مۆرینیۆی ڕاهێنەری پۆرتوگالی بۆ خولی ئیتاڵیا و بەتایبەت بۆ یانەی ڕۆما، هاوشێوەی سەردەمی ئینتەرمیلان نابێت.

سەردەمی یەکەمی مۆرینیۆ لە ئینتەرمیلان 2008 پێکهاتەیەکی ئامادەکراوی لەلایەن ڕۆبێرتۆ مانچینییەوە وەرگرت، توانی بەرەوپێشیان ببات و لە ساڵی 2010 بە چنینەوەی سەرجەم نازناوەکان جیهانی هەژاند.

لە ئێستادا (2021) بۆندی لەگەڵ یانەی ڕۆما واژووکردووە، کە یانەیەکە لە قۆناغی داڕوخاندایە و پلەی حەوتەمی خولی ئیتاڵیای گرتووە، نەک هەرئەوە، بەڵکو لە خولی ئەوروپی “یوروپالیگ”یش بەرامبەر مانچستەر یونایتد شکستیهێنا.

مۆرینیۆ لە جۆری ڕاهێنەرە گەورەکانە، بەڵام شکستهێنانی لە یانەکانی چێڵسی (سەردەمی دووەم)، یونایتد، تۆتنهام وایکردووە، کە شکۆی سەردەمی ڕابردووی لەدەستبدات و هەندێک لە میدیاکان بە “کۆتاییهاتوو” ناویدەبەن، بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر ڕێرەوی دروست و وەک باشترینی جیهان ناوببرێت، پێویستە بە سەرکەوتوویی لە ڕۆما ڕوبەڕووی ئەم ئاڵنگارییانە ببێتەوە:

کێشەی بەرگری: جێلاڕۆسی لەڕووی بەرگرییەوە لاوازن و پاولۆ فۆنسیکا بە پلانی 3-4-3 یاریکردووە، لەم وەرزەدا 53 گۆڵی لە ئیتاڵیا لەسەر تۆمارکراوە، کە زۆرترین ڕێژەی گۆڵە لەسەر یەکێک لە 10 یانەی سەرەتای ڕیزبەندی تۆمارکراوە.

مۆرینیۆ شێوازی یاریکردن بۆ 4-2-3-1 یاخود 4-3-3 دەگۆڕێت، سێ سەنتەری بەرگری و دوو باڵی بەرگری – هێرشبەری، بۆ بەجێهێنانی ئەم هەنگاوەش پێویستی بە کڕینی چەندین یاریزانی نوێ دەبێت، هەروەها ناچاریشە داهاتووی کریس سماڵینگ یەکلاییبکاتەوە.

یاریزانە ئینگلیزییەکە لە مانچستەر یونایتد کاری لەگەڵ مۆرینیۆدا کردووە، پەیوەندییان بەهێز نەبووە و نەیانتوانیوە بەیەکەوە کاربکەن.

میخیتاریان: باشترین یاریزانی ڕۆما لە ئێستادا هێنریک میخیتاریانی ئەرمینیە کە لە ڕیزەکانی یانەی مانچستەر یونایتد لەگەڵ مۆرینیۆ کاریکردووە.

لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە، ” لەسەرەتاوە کارکردن لەگەڵ مۆرینیۆ زۆر قورسبوو، بەڵام دوای سێ مانگ هەستم بە تاموچێژ کرد”.

سەرەڕای بەهێزی و باشی پەیوەندی نێوان یاریزان و ڕاهێنەرەکە، بەڵام نەزانراوە ئایا دەیانەوێت دووبارە بەیەکەوە دەستبەکاربکەنەوە، یاخود بۆچوونێکی تریان دەبێت.

هێڵی هێرشبەر: ڕاستکردنەوەی کێشە بەرگرییەکان تەنها کاری “مۆو” نابێت، بەڵکو لەڕووی هێرشبەرییەوە یانەکەی پێویستی بە ڕێکخستنەوەیە.

لەم وەرزەدا هێرشبەرانی جێلاڕۆسی 58 گۆڵیان تۆمارکردووە، گۆڵكارەکەیان بۆرخا مایوڕاڵی یاریزانی خوازراوی یانەی ڕیاڵ مەدریدە (15 گۆڵ)، هەروەها یانەکە خاوەنی چەندین هێرشبەری بەتوانای دیکەیە لە نمونەی ئیدین دزیکۆ و پیدرۆ و ستیفان شەعراوی و کارلیس پێرێز.

گەڕاندنەوەی شکۆ: مۆرینیۆ لەو ڕاهێنەرانەیە کە ترسی نییە و حەزی بە ڕوبەڕووبوونەوەی ڕاهێنەرانی دیکەیە، ئەم کەشەش لە ئیتاڵیا بەهۆی بوونی کۆنتی و ئینزاگی و گاتوسۆوە گونجاوە.

هاندەرانی پایتەختی ئیتاڵیاش فێری یاریکردنی پێکهاتەکانیان بوون بە شێوازی تاکتیکی هێرشبەریی نایاب، بەڵام کێشەیان نابێت ئەگەر مۆرینیۆ شێوازە بەرگرییەکەی بەکاربخات و بەسەر ڕکابەرە گەورەکانی وەک یوڤانتۆس و ئینتەر و میلاندا سەربکەوێت.

بۆ کۆتاجار لە ساڵی 2008 تۆتی و هاوەڵانی جامی ئیتاڵیایان بەرزکردووە، هەروەها لە ساڵی 2001 نازناوی سکۆدیتۆیان بەدەستهێنا، لەم وەرزە بەرەودوا ئەرکی مۆرینیۆیە سیزەرەکانی ڕۆما بخاتەوە سەر عەرشی ئیتاڵیا.

بابەتی پێشتر

خشتە و کاتی یارییەکانی ئەمڕۆ، شەممەی خولەکانی ئەوروپا

بابەتی دواتر

"ئەگەر گواردیۆلا دەرفەتی هەبێت 11 ئینێستا بەکاردەخات"

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share