لێبوردنی نێودەوڵەتی: چوار وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرترین لەسێدارەدانیان ئەنجامداوە

سووربوون لەسەر كوشتن لەو ساڵەدا كە جیهان چاوی لەسەر پاراستنی گیانی خەڵك بوو بەهۆی كۆرۆناوە

ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، چوار وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێو پێنج گەورەترین جێبەجێكاری سزای لەسێدارەدانی جیهانن لە ساڵی 2020دا.

هەریەك لە ئێران، میسر، عێراق و سعودییە لە ڕیزبەندی پێشەوەدان بەڕێژەی 88% لەنێو 483 حاڵەتی لەسێدارەدان لە سەرتاسەری جیهاندا، بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی ئەمڕۆ چوارشەممە لەلایەن ڕێكخراوەكەی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤەوە بڵاوكراوەتەوە.

ڕێكخراوەكە ئەو وڵاتانەی تۆمەتباركرد بەوەی “بەشێوەی دڵڕەقانە و بۆ ترساندن سوورن لەسەر كوشتنی خەڵك”، ئەمەش سەرەڕای ئەو ئالنگارییانەی بەهۆی پەتای كۆرۆناوە لەئارادایە.

ژمارەی حاڵەتەكانی لەسێدارەدان لە جیهاندا لە ساڵی ڕابردوودا كەمتربووە لە ژمارەكانی نزیكەی دەیەی ڕابردوو، بەڵام ئەم ژمارەیە چین ناگرێتەوە.

باوەڕوایە چین ساڵانە هەزاران كەس لەسێدارەبدات، بەڵام ئاستی جێبەجێكردنی ڕاستەقینەی ئەو سزایە نەزانراوە، بەهۆی ئەوەی ئەو ئامارانە بە نهێنییەكانی وڵات دادەنرێت.

ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتە ساڵانەكەیدا دەربارەی سزای لەسێدارەدانی تۆماركراو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا دەڵێت، لە 579 حاڵەتی ساڵی 2019ەوە كەمبووەتەوە بۆ 483 حاڵەت لە 2020دا.

هۆكاری ئەو دابەزینەش تا ئاستێكی زۆر دەگەڕێنێتەوە بۆ كەمبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانی تۆماركراو لە سعودیە بەڕێژەی 85%، كە لەو وڵاتە 27 حاڵەت جێبەجێكراوە، ڕێژەی كەمبوونەوە لە عێراق 50% بووە كە تیایدا 45 حاڵەت جێبەجێكراوە.

ڕاپۆرتەكە دەڵێت، ئەو كەمبوونانە بە زیادبوونێك بە ڕێژەی 300% لە میسر داپۆشراوە، كە لەو وڵاتە 107 حاڵەتی لەسێدارەدان هەبووە، بەمەش میسر بووەتە سێیەم زۆرترین وڵات كە سزای لەسێدارەدانی لە جیهاندا جێبەجێكردووە.

ئێران لە ڕیزبەندی دووەمدا ماوەتەوە كە لانیكەم 246 سزای جێبەجێكردووە و لەسەر ئاستی جیهان بە دووەم وڵات دێت پاش چین.

لەنێو ئەو كەسانەدا جێبەجێكردنی سزای سێدارەی سێ كەس هەن لەسەر تاوانێك كە كاتێك ڕویداوە ئەوان تەمەنیان لەخوار 18 ساڵەوە بووە، ئەمەش پێشێلكردنی یاسای مافی مرۆڤی نێودەوڵەتییە.

ڕێكخراوەكە قەتەر-یشی تۆمەتباركردووە بە “پاشەكشەیەكی نیگەران ئامێز”، پاش جێبەجێكردنی یەكەم حاڵەتی لەسێدارەدان لەماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا، كە دەرهەق بە كەسێكی نیپاڵی دەرچووە پاش تۆمەتباركردنی بە تاوانی كوشتن لە ئایاری ساڵی ڕابردوودا.

هبە مورایف. بەڕێوبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی وتی، “وڵاتانی ناوچەكە سوربوونێكی دڵڕەقانە و ترسێنەریان لەسەر جێبەجێكردنی پلانی كوشتنی خەڵك نیشاندا، تەنانەت لەو ساڵەشدا كە زۆرینەی جیهان چاویان لەسەر پاراستنی گیانی خەڵك بوو لە ڤایرۆسە بكوژەكە”.

س: BBC

بابەتی پێشتر

تۆتنهام 2-1 ساوزامپتن

بابەتی دواتر

مامۆستایانی ناڕازیی داوای كۆتاییهێنان بە لێبڕینی موچە و دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share