سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەدەكات: كاتی ئەوە هاتووە ئامرازی دیكە دژی ئێران بەكاربهێنرێت

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل جارێكی تر هەڕەشەی لە ئێران كرد و ئەمڕۆ وتی، “دەبێت ئێران باجی پێشێلكارییەكانی بدات و كاتی ئەوە هاتووە ئامرازی دیكە لەدژی بەكاربهێنرێت “.

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەكشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیلدا، نەفتالی بێنێت سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە، “گەڕی یەكەمی دانوستاندنی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێز كۆتاییهات بەبێ ئەوەی هیچ ئەنجامێكی هەبێت، ئێرانییەكان وەك پێشبینیدەكرا بە لێهاتووییەوە دانوستاندن دەكەن و لە هەموو لێكتێگەیشتنەكانی پێشوو پاشگەزبوونەوە و هەڵوێستێكی توند و زۆر هەمەجییان هەیە”.

بەپێی میدیای ئیسرائیل بێنێت وتوویەتی، “ئێران ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ 20% بەرزكردووەتەوە و ئەوەش زۆر مەترسیدارە، داوا لە هەموو ئەو وڵاتانە دەكەم كە لە ڤییەنا دانوستاندن لەگەڵ ئێراندا دەكەن، پابەندی هێڵە یەكلاكەرەوەكە ببن و بۆ ئێرانی ڕوونبكەنەوە كە مەحاڵە لەیەككاتدا یۆرانیۆم بپیتێنێت و دانوستاندن بكات”.

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی لە ئێران كردووە و ڕایگەیاندووە، “وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و بەڕێوەبەری مۆساد لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەچنە واشنتن بۆ ئەوەی بە ئەمریكا بڵێن، ئێستا كاتێكی گونجاوە بۆ بەكارهێنانی كۆمەڵێك ئامرازی جیاواز لەدژی ئێران، دەبێت ئێران باجی پێشێلكارییەكانی بدات”.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، وڵاتانی خۆرئاوا و ئێران لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا كۆبوونەوە و دەستیانكردەوە بە وتووێژەكانی تایبەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی تاران.

هاوكاتی دەستپێكردنەوەی دانوستاندن و وتووێژەكان، نەفتالی بێنێت سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، داوای لە وڵاتانی خۆرئاوا كرد ملكەچی ئێران نەبن و نەچنە ژێرباری داواكانی و وتی، “ئێران هەوڵدەدات كۆتایی بە سزاكان بهێنرێت بەبێ ئەوەی هیچ بكات و دەیەوێت پارێزگاری لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی بكات، ئەو دەیەوێت بە جارێك هەموو سزاكان هەڵبگیرێن و بەوەش دەستبەجێ سەدان ملیار دۆلاری دەستدەكەوێت”، ئەمڕۆش بێنێت هەمان قسەی لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا دووبارە كردووەتەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە ئێران دەیان دیپلۆماتكار و دانوستانكاری خۆی ناردووە بۆ ڤییەنا بۆ ئەوەی لەبەرامبەر هیچدا سزاكانی سەری لاببرێن و سەدان ملیار دۆلاری بۆ بگەڕێتەوە و “پشتیوانیی تیرۆریان پێبكات”.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو میدیای ئیسرائیل بڵاویكردەوە، حكومەتی ئیسرائیل ئامادەكارییەكانی بۆ قۆناغی داهاتووی ململانێ لەگەڵ ئێراندا دەستپێكردووە و سوپای ئیسرائیل ئامادەكارییەكانی زیادكردووە بەمەبەستی لێدانی ئێران، ئەوەش لەڕێگەی زیادكردنی مەشقەكانی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل و كۆكردنەوەی زانیاریی لەبارەی ئێرانەوە.

بابەتی پێشتر

لە تەقینەوەوە بۆ کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە.. نەتەنز لەژێر هەڕەشەدایە؟

بابەتی دواتر

قوباد تاڵه‌بانى به‌ڵێنه‌كه‌ى بۆ كورته‌باڵاكان جێبه‌جێكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share