لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە مانگی ئۆکتۆبەر وەک مانگی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی مەمک دیاریکراوە.
ئەو جۆرەی شێرپەنجە زیاتر ژنان تووشی دەبن، بەڵام ئەوە بەو واتایە نییە پیاوان مەترسیی تووشبونیان نەبێت، چونکە ئەوانیش تووش دەبن.
شێرپەنجەی مەمک لە دوای شێرپەنجەی سییەکان بە یەکەمین شێرپەنجە دادەنرێت، کە ژنان تووشی دەبن، بەپێی توێژینەوەکان لە هەر 25 ژنی تووشبوو بەو نەخۆشیە یەکێکیان گیانلەدەستدەدات.
بە رێگەی مامۆگرافیا دەتوانرێت رێگری لە ئاستی مەترسیداری شێرپەنجەی مەمک بکرێت و لە 70%ی مەترسیی مردن کەمدەکاتەوە.
نیشانەکانی شێرپەنجەی مەمک:
– گرێی مەمک، کە بە تەواوی جیایە لە گرێ ئاسایییەکانی مەمک.
– گۆڕانی شێوە و قەبارەی مەمک.
– ئەستوربوونی بەشێک لە پێستی مەمک شێوەیەک کە لە بەرگی پرتەقاڵ دەچێت.
– دروستبوونی پەڵەی سوور و سووربوونەوەی مەمک.
– چونە دواوەی گۆی مەمک.
– هاتنی شلە لە گۆی مەمک.
– دروستبوونی گرێ لە هەنگل و بن باڵ.
شێرپەنجەی مەمک ئەگەر لە قۆناغە سەرەتاییەکان نەدۆزرایەوە، تەشەنە دەکات بۆ گرێ لیمفاوییەکانی هەنگڵ و بۆ ئەندامەکانی تری لەش وەک (ئێسقان، بڕبڕەکان، سییەکان، جگەر و دەماغ).
بەکارهێنانی رەنگی پەمەیی بۆ نەخۆشییەکە بۆ ساڵی 1991 دەگەڕێتەوە کاتێک رێکخراوێکی خێرخوازی لە نیویۆرک چەند قردێلەیەکی بە رەنگی پەمەیی بەسەر خهڵكیدا دابەشکرد بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی نەخۆشییەکە و پاڵپشتی تووشبووان، لە پاش ئەوەش لە ساڵی 1992 بەفەرمی رەنگی پەمەیی وەک سیمبولی مانگی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی مەمک دیاریکرا.