خەمخۆرانی دارستان و ژینگە بەشدارییەكی كارا دەكەن لە هەڵمەتی نیشتمانیی روواندنی یەك ملیۆن نەمام كەلەسەر بڕیار و ڕاسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڕێوەدەچێت.
رۆژی سێشەممە لە سنووری قەزای دەربەندیخان و بەئامادەبوونی سەرۆكی شارەوانی و بەڕێوەبەری باخچەكان و فەرمانگەی ئاو و بەرگری شارستانی و راگری پەیمانگەی دەربەندیخان و بەڕێوەبەرانی رۆشنبیری و ژمارەیەك لە فەرمانگەكان هەڵمەتی بەرفراوانی نەمام ڕوواندن لەناو سنووری دارستانی دەربەندیخانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی سلێمانی دەستیپێكرد.
لەوبارەیەوە حسێن حەمە كەریم نوێنەری نووسینگەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، هەوڵەكانمان چڕتركردووەتەوە بەجۆرێك دوێنێ لە دارستانی زەڕایەن و پێشتر لە پیرەمەگروون و دەربەندی بازیان وا ئەمڕۆش لەپێناو سەوزكردنی قەزاكەدا هەڵمەتەكەمان لەدەربەندیخان دەستپێكرد و نەمامی پێویستمان روواند، ئەمەش بەردەوام دەبێت تا ئەوكاتەی هەڵمەتەكە ئامانجە ژینگەییەكەی خۆی بە دەستدێنێت.
وتیشی، “لەئەمڕۆوە لە دەربەندیخان كاركردن دەستیپێكرد و دوای جەژنی پیرۆزی رەمەزانیش بەردەوامدەبین و لەچوار پڕۆژەی تری دارستانیدا لە قەزا و ناحیەكان دەست بەكاركردن دەكرێت”.
حسێن حەمە كەریم راشیگەیاند، لەسەر ئاستی یەكە ئیدارییەكان لە سنوورە جیاوازەكاندا پێشوازییەكی زۆر باش لە هەڵمەتەكە دەكرێت و كارەكان زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن”.