مەکتەبی سیاسیی یەکێتی: پێداگرین لەسەر ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی

مەكتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕۆژی شەهیدی یەكێتیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامەکە:

ئەمڕۆ لە تۆماری دوور و درێژی خەباتی هەمەلایەنەی یەكێتییەکەمان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، ڕۆژی شەهیدی یەكێتییە، یادی یۆبیڵی زێڕینی شەهادەت و ڕێڕەوی ئاوەدانی (كەم بژی و كەڵ بژی)ـیە كە شەهیدانی سەرکردە، شەهید خاڵە شیهاب و هاوڕێكانی شەهید جەعفەر و شەهید ئەنوەر بوونە پێشەنگی گیانبەخشین و قوربانیدان لە پێناوی ئازادی و سەرفرازیی نیشتمان و گەلەكەماندا.

بۆ بەرزڕاگرتنی یادەوەریی گشت شەهیدانی كاروانی خەباتی یەكێتی، ڕۆژی 21ـی تشرینی دووەم وەک ڕۆژی سەرتاسەریی ڕێزگرتن لە ڕۆحی شەهیدانی گشت قۆناغەكانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان و کۆڕی تێکۆشانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان   دیاریكراوە تاوەكو هەمووان لە یەک سات و پێكەوە بەڵێنی وەفاداریی بۆ گشت شەهیدان و درێژەپێدان بە ڕێبازەكەیان دووپاتبكەینەوە.

ئەم یادە مەزنە دەرفەتێكە بۆ جۆشدانەوەی خەباتی ڕەوای نیشتمانیی (کوردایەتی) و خەباتی ڕوونی دیموکراتی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی (کوردەواری) كە ئەویش یەكخستنی هەوڵەكانمانە بۆ خزمەتكردنی زیاتری میللەتەکەمان لە پێناوی ئایندەیەكی باشتر و گەشتردا كە حزبی شەهیدان درێغیی لێ نەکردووە و لێ ناکات و شەهیدەكانیشمان گیان و ژیانی خۆیان لە پێناویدا بەخشی، ئەوەش تەنها و تەنها بە پێداگریمان لەسەر ئەرکی ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوی حوكمڕانیی خۆماڵی و سەرخستنی ئیستحقاقە نەتەوەیی و دەستوورییەکانمان دێتەدی.

یەکێتی بۆ ئەمە لە کۆڕی تێکۆشاندا ماوە و دەمێنێ تاوەکو یەک بە یەکی ئەرکەکانی ڕزگاری و چاکسازی و خۆشگوزەرانی بۆ ئەم میللەتە شەهیدپەروەرە سەردەخات.

جارێکی تر لە ڕۆژی شەهیدی یەکێتیدا درود بۆ ڕۆحی پاكی شەهیدان، سڵاوی ئەمەكداری بۆ كەسوكار و خانەوادە سەربەرزەكانیان.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share