عێراق.. ژمارەی دانیشتووان لە 2030دا 53 مليۆن کەس تێدەپەڕێنێت

وەزارەتی پلاندانانی عێراق پێشبینی دەکات ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی 2030دا بگاتە زیاتر لە 53 مليۆن کەس.

عەبدلزەهرە هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند، “وەزارەتەكە پێشبینی دەكات ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی 2030دا بگاتە 53 مليۆن و297 هەزار کەس.”

وتیشی، “بەرزبوونەوەی خێرای ژمارەی دانیشتووان، یەکێکە لەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی دەوڵەت دەبێتەوە لە بواری گەشەپێدان و فەراهەمكردنی هەلی کار و چاودێری و پاراستنی کۆمەڵایەتی بۆ هەموو تاكەكانی كۆمەڵ.”

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە پێویستی دەزانێت كاربكرێت بۆ هۆشیارکردنەوەی خێزانەکان بۆ رێکخستن و دیاریكردنی ژمارەی منداڵەکانی ناو یەک خێزان.

ماوەی زیاتر لە دوو دەیەیە سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراق نەكراوە، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەكانی وەزارەتی پلاندانان، ئێستا ژمارەی دانیشتووان نزیكەی 40 ملیۆن كەسە. حەسەن كەعبی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاند، “ئەوەی تا ئێستا ڕێگربووە لەبەردەم ئەنجامدانی سەرژمێریی دانیشتوان، ویستە سیاسییەكان بوون.”

بابەتی پێشتر

ئەو کرێکارەی لە پاڵاوگە نایاساییەکەی دهۆک گیانی لە دەستدا خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە

بابەتی دواتر

خەڵاتەکانی فیفا پێشکەشکران و لیڤاندۆڤیسکی بە باشترینی جیهان دیاریکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share