شارەزایەکی بواری کەشناسی پێشبینیدەکات، لە کۆتایی هەفتەدا شەپۆلێکی بەهێزی تەرزە و بارانبارین ڕوو لە ناوچەکەمان بکات.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند، لە ماوەی چوار ڕۆژی داهاتووی ئەم هەفتەیەدا، بەگشتی کەشی هەرێمی کوردستان بە جێگیری دەمێنێتەوە و ئاسمانی ناوچەکە زۆربەی کات ساماڵ دەبێت، لەگەڵ بوونی پەڵەهەور و پلەی گەرماش کەمێک بەرزدەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، لە درەنگانی شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممەی کۆتایی ئەم هەفتەیە 29ـی 10ـی 2026، هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆیەک لە دەریای ناوەڕاست و هاتنی بارستەهەوایەکی شێداری مەداری لە دەریای سوورەوە کە هاوکات دەبێتە هۆی دروستبوونی حاڵەتێکی ناجێگیری کەش و بەرگەهەوا بەشێوەیەکی مامناوەند تا بەهێز، کە خۆی دەبینێتەوە لە دروستبوونی هەورەبروسکەی بەهێز و بارانی بەخوڕ و هەندێک کاتیش بارینی تەرزە لە کات و شوێنی جیاوازدا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەگشتی لەو شەپۆلەدا پێشبینیدەکرێت بڕێکی باش باران لە سەرجەم ناوچەکان ببارێت و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێکیش کاریگەرییەکانی بەردەوامیی ببێت، لەگەڵ نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەی گەرما و هاتنی بارستەهەوایەکی سارد و دەستپێکردنی کەشێکی زستانە کە پێویست بە بەکارهێنانی ئامێرە گەرمکەرەوەکان بکات.