تەندروستیی جیهانی: لە هەر شەش کەسێک یەکێکیان نەزۆکن

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەمڕۆ رایگەیاند کە لە هەر شەش کەسێک لە جیهاندا یەکێکیان بەدەست نەزۆکییەوە دەناڵێنێت، ئەمەش پێویستی بەپەلەی فراوانکردنی بەردەستبوونی چارەسەرە پێویستەکانە.

تیدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە راپۆرتێکی نوێدا ئاماژەی بەوە کردووە، “لە هەر شەش کەسێک لە جیهاندا کەسێک ناتوانێت لە قۆناغێکی ژیانیدا وەچە بخاتەوە، بەبێ کاریگەریی ئەو شوێن و ناوچەیەی تێیدا دەژی”.

رێکخراوەکە پشتڕاستی کردەوە کە ئەم دۆخە “کێشەیەکی تەندروستیی گەورە”یە کە کاریگەریی لەسەر 17.8%ی دانیشتووانی پێگەیشتوو لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان و 16.5%ی دانیشتووانی وڵاتانی کەم داهات یان مامناوەند هەیە.

گێبریسیۆس دەڵێت “ئەو راپۆرتە یەکەم راپۆرتی لەو جۆرەیە کە لە ماوەی 10 ساڵدا بڵاودەبێتەوە، راستییەکی گرنگیشی ئاشکراکردووە کە نەزۆکی جیاوازی لە نێوان مرۆڤەکاندا ناکات”.

راپۆرتەکە ئاماژەی بە هۆکارە پزیشکی و ژینگەییەکانی پشت نەزۆکی نەکردووە، یان چۆن ئەم کێشە تەندروستییە بە تێپەڕبوونی کات پەرەی سەندووە، بەڵام بیرۆکەیەکی سەرەتایی لەبارەی بڵاوبوونەوەی ئەو کێشەیە بە شیکردنەوەی هەموو ئەو توێژینەوەیانەی کە لە نێوان ساڵانی 1990 تا 2021دا مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە، خستووەتەڕوو.

راپۆرتەکە دەریخستووە کە “نەزۆکی کاریگەریی لەسەر بەشێکی زۆری دانیشتووانی جیهان هەیە” چونکە ئەم کێشە تەندروستییە تووشی 17.5%ی گەورەساڵانی جیهان دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، “بەشی زۆری ئەوانەی تووشی نەزۆکی بوون، پێویستیی فراوانکردنی دەستڕاگەیشتن بە چاودێری منداڵبوون نیشاندەدات، هەروەها دڵنیابوون لەوەی کە ئەم بابەتە لە توێژینەوە و سیاسەتی تەندروستیدا پەراوێز نەخرێت”.

بابەتی پێشتر

توتۆ سپۆرت: ئەوەی بەسەر بارسا و یوڤێ هاتووە سیاسییە

بابەتی دواتر

رۆژنامەنووسێک: بەشێک لە راگەیاندنەکان ئامادەنین پیشەییانە رووماڵی سەرجەم رووداوەکان بکەن

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

توێژینەوەیەک: فشاری دەروونیی دایک لەکاتی دووگیانیدا ئەگەری تووشبوون بە پەرکەمی منداڵ زیاددەکات

توێژینەوەیەکی ژاپۆنی ئاشکرایدەکات، ئەو فشارە دەروونییانەی دایک لەکاتی دووگیانیدا رووبەڕووی دەبێتەوە رەنگە ببێتە هۆی زیادکردنی مەترسیی تووشبوونی منداڵ…
Total
0
Share