خالید سلێمان ڕۆژنامەنووس لە پۆستێكیدا بەناونیشانی ڕاستكردنەوەی هەڵەیەكی حاجی كاروان لەسەر پرسی جێندەر نووسیوویەتی، “پێناسەكەی حاجی كاروان بۆ پرسی جێندەر دوورە لە ڕاستییەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، “بانگخواز و نووسەری ئیسلامیی حاجی كاروان لە فەیسبووكی خۆی لە پێناسەیەكی هەڵە و دوور لە ڕاستییەوە دەربارەی جێندەر نووسیویەتی، (ئەزانن جێندەر واتای چیە: هاوسەرگیری پیاو لەگەڵ پیاو، ژن لەگەڵ ژن.. ژن و پیاو لەگەڵ ئاژەڵ!! ئاژەڵيش ئەمەی قبوڵ نییە)”.
ئاشكراشیكرد، “لە ڕاستیدا ئەم پێناسەیە جگە لەوەی دوورە لە ڕاستییەوە، جۆرێكیشە لە شێواندن و قسەی نەشیاو لە رووی ئەكادیمی و زانستییەوە، چونكە جێندەر ئەوە نییە كە جەنابیان پێناسەی دەكەن، وشەی جێندەر (Gender) لە بنەڕەتدا فەرەنسییە و بە (ژانر) دەخوێنرێتەوە(Genre) یانی جۆر، لە زمانی فەرەنسیدا دەڵێن، Quel genre de problème واتە چی جۆرێك لە گرفت یاخود دەڵێن Les genres littéraires واتە جۆر یاخود ڕێبازە ئەدەبییەكان”.
ئەو رۆژنامەنووسە دەشڵێت، “تەنانەت لە زمانی كوردیشدا دەڵێین ژانرە ئەدەبییەكان دوای ئەوەی وشەی سنووری زمانی فەرەنسی تێدەپەڕێنێت و دێتە ناو زمانی ئینگلیزییەوە، بەپێی بەكارهێنان و بڵاوبوونەوەی دەگۆڕێت و دەبێتە جێندەر، بەڵام هەروەك جۆر دەمێنێتەوە و ماناكەشی ئەو ڕۆڵە دەگەیەنێت كە مرۆڤ دەیبینێت نەك پێناسەكەی حاجی كاروان”.
باسی لەوەش كرد، “وشەكە و ماناكەی پەیوەست نییە بە ڕەگەز و سێكسەوە، بەڵكو پەیوەستە بە فراوانبوونی رۆڵی مرۆڤ بە هەردوو رەگەزەكەوە لە ژیاندا، بۆ نموونە كاتێك ژن كاردەكات و پیاو گرنگی دەدات بە كاروباری ماڵەوە، یاخود مناڵ بەخێودەكات، زۆرجار رۆڵێكی كۆمەڵایەتی لە رووی مێژووییەوە بووەتە ناسنامەی ژنان بۆ نموونە كاری مەتبەخ و ماڵەوە، بەڵام پێشكەوتنە كۆمەڵایەتی و ئابوری و كەلتوورییەكان ئەو رۆڵەیان گۆڕیوە و ئێستا هەردوو ڕەگەزی ژن و پیاو لە بواری ئابوری و كۆمەڵایەتی و تەنانەت سەربازی و ئەمنیشدا..هتد دەیبینن.، ئەمەیە مانای جێندەر نەك ئەو پێناسەیەی كە حاجی كاروان بەئارەزووی خۆی دایتاشیووە و نووسیویەتی”.