خواردنی پڕۆتین لە سەرچاوەی جیاواز سنوور بۆ بەرزبوونەوەی فشاری خوێن دادەنێت

خواردنی پڕۆتین لە سەرچاوەی جیاواز دەبێتە ڕێگر لەبەردەم بەرزبوونەوەی فشاری خوێن

توێژینەوەیەكی نوێ دەڵێت، پشتبەستن بە سەرچاوە جیاواز و جۆراوجۆرەكانی پڕۆتین دەبێتەهۆی كەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە فشاری خوێن، لەهەمان كاتدا كەمكردنەوەی ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و دەمارەكان.

لە توێژینەوەكەدا، توێژەران زانیارییەكانی پەیوەندیدار بە سیستمی خۆراك و تەندروستیی 12200 كەسی پێگەیشتوویان لە چین لەنێوان ساڵانی 1997 و 2015 تاوتوێكرد، لەگەڵ ڕووپێوكردنی سیستمی خواردنی ڕۆژانەی بەشداربووان بەدرێژایی سێ ڕۆژی لەسەر یەك، لانیكەمی دووجار لەماوەی 18 ساڵدا.

ئەنجامی توێژینەوەكە كە بەمدواییە لە گۆڤاری (هایبرتنجن)ی كۆمەڵەی دڵی ئەمریكی (AHA) بڵاوبووەتەوە دەڵێت، ئەو كەسانەی ژمارەیەكی زۆر و جۆراوجۆری پڕۆتینیان لە سەرچاوە جیاوازەكانی گیانداران یان ڕووەك و خواردنە دەریاییەكان بەدەستهێناوە، ئاستی مەترسیی تووشبوون بە بەرزە فشاری خوێنیان بەڕێژەی 66% دابەزیوە، بەراورد بەو كەسانەی جۆری كەمتری پڕۆتینیان خواردووە.

ئامادەكارانی توێژینەوەكە دەڵێن، خواردنی پڕۆتین لە سەرچاوەی جیاواز، لەجیاتی پشتبەستن بە تەنها سەرچاوەیەكی پڕۆتین، سەرەڕای ئەوەی دەبێتە ڕێگر لەبەردەم بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، هاوشانی سیستمێكی خۆراكیی گونجاو، ئاسن و ئەو ڤیتامینانە فەراهەمدەكەن كە جەستە و دڵ پێویستیەتی بۆ بەدەستهێنان و پاڵنانی خوێنی نوێ، وەك ئەوەی سایتی (هێلس)ی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە.

لەهەمان كاتدا كۆمەڵەی دڵی ئەمریكی چەند ڕێنوێنییەكی خۆراكی دیاریكردووە بۆ باشكردنی تەندروستیی دڵ و دەمارەكان، لە گرنگترینیان:

– پارێزگاری لە كێشی تەندروست و ئەنجامدانی چالاكی و جموجوڵی جەستەیی پێویست.

– كەمكردنەوەی شیرینی و خوێی زیادە.

– جگەرە و نێرگەلە نەكێشان و سنووردانان بۆ خواردنەوە كحولییەكان.

– دەستەبەركردنی سەرچاوەكانی پڕۆتینی بێ چەوری یان ڕیشاڵ بەرز. بەپێی كۆمەڵەكە پڕۆتینی ڕووەكی و ماسی یان خواردنە دەریاییەكان و بەرهەمە شیرەمەنییە كەم چەوری یان بێچەورییەكان و گۆشتی بێ چەوری (لەگەڵ سنووردانان بۆ گۆشتی سوور یان دەستكرد) سەرجەمیان بژاردەی باشن.

پزیشكان جەختدەكەنەوە لەسەر پێویستی پەیڕەوكردنی سیستمێكی خۆراكیی تەندروست بۆ دڵ (كە سەوزە و میوە و دانەوێڵە و بەرهەمەكانی شیرەمەنی كەمچەوری و پەلەوەر و ماسی و پاقلەمەنی و زەیتی ڕووەكی و چەرەسات) دەگرێتەوە، وەك ئەوەی سایتی (ئیت زس نۆت زات)ی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە.

بابەتی پێشتر

لە ماڵی حەلبوسی.. لایەنە سیاسییەکان لەبارەی دۆخی عێراقەوە کۆبوونەوە

بابەتی دواتر

ڕیزبەندیی گرانبەهاترین هەڵبژاردەکانی مۆندیالی قەتەر

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share