توێژینەوەیەک توانای مێروولە لە ئاشکراکردنی گرێی شێرپەنجەدا دەردەخات

توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات کە مێروولەکان هەستێکی بەهێزی بۆنکردنیان هەیە ئەمەش وایانلێدەکات لە نمونەی میزدا بوونی وەرەمی شێرپەنجەیی بۆن بکەن.

زانایان بۆیان دەرکەوتووە کە مێروولەکان دەتوانن جیاوازیی گەردیلەیی لە نمونە بایۆلۆژییەکان دەستنیشان بکەن کە ئەو پشکنینە پێویستی بە ئامێری گرانبەها دەبێت بۆ دەستنیشانکردن.

بەپێی توێژینەوەکە، مێروولەکان توانیویانە بۆنی شێرپەنجە بکەن لە نمونەی میزی مشکی تاقیگەدا.

باپتیست پیکۆرێت، پسپۆڕی شێرپەنجە لە زانکۆی سۆربۆن و هاوکارەکانی لە توێژینەوەکەیاندا نووسیویانە، مێروولە توانای ئەوەی هەیە ببێتە ئامرازێکی خێرا و کاریگەر و هەرزان بۆ دیاریکردنی گرێ شێرپەنجەییەکانی مرۆڤ.

ئامێری دیاریکردنی شێرپەنجە گرانبەهایە، بۆیە توێژەران روویان لە ئاژەڵان کرد بۆ وەرگرتنی یارمەتی، لە مشک و سەگدا تاقیکردنەوەکانیان ئەنجامدا، بۆ ئەوەی بزانن مێروولە توانای ئەو کارەی هەیە.

تەنها سێ ڕاهێنانی پێویست بوو بۆ ئەوەی مێروولەکان جیاوازی بکەن لە نێوان بۆنەکاندا، بەپێی توێژینەوەکە، مێروولە بە توانای زانینی خێرا و هەڵگرتنی بیرەوەری ناسراوە.

کاتێک مێروولەکان ڕاهێنانیان پێکرا، نزیکەی لەسەدا 20 زیاتر کاتیان لە نزیک بۆنی ئامانج بەسەر دەبرد لە چاو ئەوانی تر.

شیکاریی کیمیایی پشتڕاستی کردەوە کە مۆلیکولە بۆندارەکانی ناو میزی مشکەکانی تووشبوو بە شێرپەنجە بەڕاستی جیاوازن لەوانەی کە تووشی شێرپەنجە نەبوون.

هەرچەندە ئەنجامەکانی توێژینەوەکە ئومێدبەخشن، بەڵام تیمی توێژینەوەکە دەڵێن، پێویستە کاری زیاتر بکرێت پێش ئەوەی بچینە سەر تاقیکردنەوە کلینیکیەکان، یەکێک لە سنووردارکردنەکانی توێژینەوەکە ئەوەیە کە ڕەنگە ئەو بۆنانەی بەکارهێنراون وردنەبن لە دیاریکردنی جۆراوجۆری بۆنەکانی شێرپەنجە کە بوونیان هەیە.

بەپێی تیمەکە، هۆکارە گۆڕاوەکانی وەک تەمەن، خۆراک، بارودۆخ یان فشار ڕەنگە بەشداربن لە گۆڕانی بۆنی جەستەی کەسەکاندا.

بابەتی پێشتر

یارییەکانی ئەمڕۆ بزانە

بابەتی دواتر

ئەمڕۆ باران، تەرزە و بەفر دەبارێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share