پێت سەیر نەبێت کە توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات ڕەنگی شین لە گڵۆپەکانی سەر شەقامی شارەکاندا دەتوانێت ئاستی تاوانکردن بهێنێتەخوارەوە.
بابەتەکە تەنها بەڕەنگی شین کۆتایی نایەت، بەڵکو توێژینەوەیەکی دیکە دەریدەخات ئەو خوێندکارانەی ژمارەی سووریان پێدەدرێت بەرلە تاقیکردنەوەکان بەڕێژەی 20% نمرەی کەمتر بەدەستدەهێنن لەوانەی ژمارەی سەوز یان شینیان پێدەدرێت.
توێژینەوەی سێیەم باس لەوەدەکات، ئەو کارمەندانەی لە شوێنی کار و نوسینگە ڕەنگ سەوزەکاندا کاردەکەن زیاتر ئاسوودەن و لەکارەکانیان ڕازین.
چارەسەر بە ڕەنگەکان
بیرۆکە یان هەوڵەکانی بەکارهێنانی ڕەنگەکان بۆ چارەسەر کارێکی لەناکاو و ڕێکەوت نییە بەڵکو مێژوویەکی هەزاران ساڵەی هەیە لەلای مسرییە کۆنەکان ڕەنگەکان و تیشکی خۆر بۆ چارەسەر بەکارهێنراوە، هەروەها چینییەکان و گریکەکان بەردی ڕەنگکراویان بە ڕەنگە جیاوازەکان بەکارهێناوە بۆ چارەسەر.
بەپێی ڕوانگەی ستانفۆرد بۆ فەلسەفە، چارەسەرکردن بە ڕەنگەکان زیاتر لەدوای بەکارهێنانی لەلایەن ئیبن سینای پزیشک و فەیلەسوفەوە پەرەیسەندووە لە ساڵی 980ی زاینی، ئیبن سینا ڕەنگەکانی دەبەستەوە بە پلەی گەرمیی جەستە و دۆخی دارایی کەسەکانەوە، ئیبن سینا وای دانابوو کەسێک کە خوێنبەربوونی هەبێت نابێت سەیری ڕەنگی سوور بکات بەڵاکو سەیرکردنی ڕەنگی شین دەتوانێت هۆکاربێت بۆ وەستاندنی خوێنبەربوونەکە.
توێژینەوەکانی دواتر لە سەدەی نۆزدەدا درێژەیان بەو ڕێگەیە داوە، بەپێی توێژینەوەکان کە ژمارەیەک پرۆتۆکۆلیان لەوبارەیەوە پەرەپێدا، لەوانە بەکارهێنانی ڕەنگی شین و بنەوشەیی بۆ هێمنکردنەوە و ڕەنگی پرتەقاڵی بۆ زیادکردنی چالاکی.
هەروەها پزیشکی دانیمارکی نیڵز ڕیبێرج فینسن خەڵاتی نۆبڵی پزیشکیی لەساڵی 1903دا پێبەخشرا بەهۆی بەکارهێنانی ڕەنگی سپی لە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی مێشک.
چارەسەرەکان بە ڕەنگ چین و سوودەکانی چین؟
چارەسەرکردن بە ڕەنگ ناوەندێکی فراوانە کە لە وزەی کارۆموگناتیسی گەردوونەوە سەرچاوە دەگرێت و ڕەنگە سەرەکییەکانی وەک سوور، سەوز و شینن دواتر ڕەنگە پێکهاتەکانی ئەوان، کە سەرجەم ئەو رەنگانە دەکات بە چاو دەیانبینین و دەکەونە نێوان ڕەنگی سەروو بنەوشەیی و ژێر سوور.
ئەو ڕەنگانە هەڵگری لەرەلەر و وزەی جیاوازن کە تیشک و ڕووناکی دیاریکراویان تێدایە، بە پەیوەستبوونیان لەگەڵ ئەندامەکانی جەستە و کۆئەندامە کێسەدارەکاندا دەتوانن چارەسەری پێویست ببەخشن بە جەستە، ئەو ڕەنگانە هەڵگری لەرەلەری کارەبای و وزەی موگناتیسین، کە دەتوانن چالاککەرەوەی کردە هۆرمۆنی و کیمیاییەکانی جەستەبن، هەروەها دەتوانن هێورکەرەوەی بەهێزبن لە جەستەی کەسی نەخۆشدا.
زانایان رەنگەکان بۆ دوو جۆری سەرەکی دابەشدەکەن
ڕەنگە ئەرێنییەکان: ناسراون بە کارلێکە ترشییەکان و تیشکە چالاککەرەکانیان، وەک سوور، پرتەقاڵی، زەرد و ڕەش.
ڕەنگە نەرێنییەکان: ناسراون بە کارلێکە ئەلکالییەکان، کە تیشک و ڕووناکییەکی سارد و هێمنکەرەوەیان هەیە وەک ڕەنگەکانی شین و سەوز.
پادما گۆلۆر پزیشک لەزانکۆی دیۆک دەڵێت، چارەسەر بە ڕەنگەکان بۆ ژمارەیەک لە نەخۆشییە جەستەی و ژیرییەکان بەسوودە، هەروەها کاریگەریی هەیە لەسەر کەمکردنەوەی هەڵچوونە سۆزدارییەکان وەک گۆشەگیریی.
توێژینەوەکانی ئەو پزیشکە لەسەر چارەسەر بە ڕەنگ دەریخستووە، ڕەنگی سەوز کاریگەریی زۆر بەرزی هەیە لە کەمکردنەوەی ئازار، بەتایبەت ئەوانەی گیرۆدەن بەدەست ئازاری توند و درێژخایەن وەک تووشبووانی شێرپەنجە یان نەخۆشیی سەرئێشەی نیوەیی، دوای ئەوەی دانراون لە ژوورێکی ڕەنگ سەوز یان ڕوانین لە ڕەنگی سەوز هەستیان بە هێوربوونەوەی زۆرکردووە، کە ڕۆڵیان هەیە لە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئازارشکێنەکانەوە.
زانکۆی مالبۆرن ڕەنگەکانی بەمجۆرە پۆلێنکردووە:
ڕەنگی سەوز: ڕۆڵی هەیە لە هێورکردنەوە و هەستکردن بە ئاسودەیی، هۆکارە بۆ چالاککردنی بیرەوەری بۆ ماوەیەکی زیاتر.
ڕەنگی پرتەقاڵی: کاردەکات لەسەر دۆخی دەروونی و کاری مێشک و دەروونی کەسەکان، ڕێژەی ناردنی ئۆکسجین بۆ مێشک زیاتردەکات، هەروەها چالاکییە ژیرییەکان زیاددەکات.
ڕەنگی شین: ڕەنگی ئاسودەیی و هێورکردنەوەیە بەڵام زیاتر بۆ ئەو کەسانە گونجاوە کە لەبوارە فیکرییەکاندا کاردەکەن وەک پرۆگرامەرەکان، کە توانای بەرهەمهێنانیان لە ژینگەیەکی شیندا زیاتر دەبێت.