سەرۆكایەتیی ڕوسیا جەختدەكاتەوە لەسەر گرنگیی گفتوگۆ لەنێوان بیلاڕوسیا و یەكێتیی ئەوروپا دەربارەی پرسی كۆچبەران، كە لەسەر سنوورەكان گیریان خواردووە.
ئەم وتانەی سەرۆكایەتیی ڕوسیا لە زاری دیمیتری بیسكۆڤ، وتەبێژ بەناوی كرملینەوە هات بۆ ڕۆژنامەنووسان دەربارەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەنێوان ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی ڕوسیا و ئەلیكساندەر لۆكاشینكۆ، سەرۆكی بیلاڕوسیا و هەروەها ئەنجێلا مێركڵ، ڕاوێژكاری ئەڵمانیا ئەنجامدرا.
بیسكۆڤ ڕوونیكردەوە، پەیوەندییەكان بۆ ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونەكان بوون دەربارەی چۆنیەتیی چارەكردنی گرفتی كۆچبەران و وتی، “زۆر گرنگە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ هەبێت لەنێوان نوێنەرانی یەكێتیی ئەوروپا و سەرۆكایەتیی بیلاڕوسیا”.
ئەو وتووێژانە لەكاتێكدایە تائێستا هەزاران كۆچبەر، كە زۆرینەیان كورد و خەڵكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، لە هەوڵی گەیشتنە یەكێك لە وڵاتانی ئەوروپا لەسەر سنوورەكانی بیلاڕوسیا و پۆڵەندا ماونەتەوە.
پرسەكە گرژیی لەنێوان بیلاڕوسیا و یەكێتیی ئەوروپا دروستكرووە، ئەوروپا حكومەتی مینسك تۆمەتبار دەكات بە بەكارهێنانی پرسی كۆچبەران وەك كارتێكی فشار، لەبەرامبەردا یەكێتییەكە ڕێككەوتوون لەسەر فراوانتركردنی سزاكانی سەر بیلاڕوسیا.
س: نۆڤۆستی