سەردار عەزیز، نووسەر، نووسینێکی سەبارەت بە کەسێتی گای فۆکس نووسیوە، کە بافڵ جەلال تاڵەبانی لە میانی وتارەکەی ئەمڕۆیدا ناویهێنا.
سەردار عەزیز، نووسەر، لە هەژماری خۆی نووسیویەتی، هەموو ساڵێک لە بەریتانیا لە ئێوارەی ڕۆژی 5ـی تشرینی دووەم، ئاگری گەورە دەکرێتەوە لە گوند و شارۆچکەکان کە بە بۆن-فایەر ناسراوە، لە سەرووی ئەم ئاگرەوە، هەمیشە داهۆڵی کەسێک دادەنێن کە هێمایە بۆ گای فۆکس، گای فۆکس کێیە؟
لە ساڵی 1605 کەسێک بە ناوی گای فۆکس، کە بە ئایین مەسیحیی کاسۆلیک بوو، لەگەڵ خەڵکانی دیکەدا هەوڵیدا کە بە تۆپ هێرشبکاتە سەر پەرلەمان، تاوەکو پاشا، کە جەیمسی یەکەم بوو، بـ.ـکوژێت و پاشایەکی کاسۆلیک بخاتە جێگەکەی، ئەم ڕووداوە بە ڕووداوی تۆپبارانەکەش ناسراوە، (گەن-پاودەر).
دەشڵێت، مۆدێلی پەرلەمانی بەریتانی کە بە وێست-مینستەر ناسراوە، یەکێکە لە هەرە کۆنترین و چەسپیوترین مۆدێلەکانی پەرلەمان لە دنیادا، لە کاتی دروستکردنیدا، هەردوو بەرەکە، کە لایەنی حکومەت و ئۆپۆزسیۆن بوون، وەها دوور لە یەک دروستکراون تا شمشێر نەگات بە یەکتری، بەو مانایەی، کە ناچاربن پێکەوە قسەبکەن، کرۆکی پەرلەمان گفتوگۆ، سازش و ڕێککەوتنە.
لە کۆتاییشدا هاتووە، تێگەیشتن لە مێژووی دەزگایەکی گرنگی وەک پەرلەمانی بەریتانیا گرنگە بۆ تێگەیشتنی ئێمە لە پەرلەمان، هەروەها فێری ئەوەبین کە لە دەرئەنجامدا ئەوان فێربوون کە بەسەر گرێکوێرەکانیاندا زاڵ بن، بەڵام سەرباری ئەوە گای فۆکس لەبیرناکەن و هەموو ساڵێک داهۆڵەکەی دەسوتێنن.