لێپرسراوی لیژنەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی كوردستان لە كەركوك ڕایدەگەیەنێت، بەشێك لە عەرەبەکان دەستکاریی تۆماری دەنگدانیان کردووە و ئەمیری چەکداری داعش هەبووە بەشداری لە دەنگدانی تایبەت کردووە.
خالید شوانی، لێپرسراوی لیژنەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی كوردستان لە كەركوك لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەشێك لە عەرەبەکان دەستکاریی تۆماری دەنگدانیان کردووە و پیلانگێڕیی گەورە و فراوانیان دژی کورد دەستپێکردووە.
باسی لەوەشكرد، گۆڕانکاری لە کۆمسیۆنی کەرکوک کراوە و کورد لابراوە.
خالید شوانی وتیشی، “ناوی داعش تۆمارکراوە و ئەمیری داعش هەبووە بەشداریی دەنگدانی تایبەتی كردووە، بۆیە سکاڵامان لە کۆمسیۆن تۆمارکردووە و بەڵگەكانیشمان ڕادەستكردوون”.
جەختی لەوەشكردەوە، سکاڵایان لەدژی ئەو کەسانە تۆمارکردووە کە کەسایەتیی سیاسیی گەورەی عەرەبن لە پارێزگاكە بەهۆی ئەوەی دەستیان لەپشت ئەو كارەوە هەیە.