بەپێی توێژینەوەیەكی نوێ حاڵەتەكانی گۆشەگیری و نیگەرانی لە ساڵی 2020دا لە زۆرینەی ناوچەكانی جیهان بەزیاتر لە چارەكێك زیادیكردووە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەو وڵاتانەی ڕێوشوێنەكانیان بەشێوەیەكی توند گرتووەتەبەر زیاتر ئەو دۆخەیان تیادەركەوتووە.
بەپێی ڕۆژنامەی (ئیندیپێندت) تیمێك لە زانایانی سەنتەری كوینزلاند بۆ توێژینەوەكانی تەندروستیی مێشك لە ئوسترالیا كۆكردنەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ ئامارەكانی چەندین توێژینەوە كردووە كە تایبەت بووە بە كاریگەری پەتای كۆڤید-19 لەسەر تەندروستیی مێشكی دانیشتووانی جیهان، گەیشتونەتە ئەو دەرئەنجامەی نزیكەی 53 ملیۆن حاڵەتی گۆشەگیری و 76 ملیۆن حاڵەتی نیگەرانی لە ساڵی ڕابردوودا تۆماركراوە.
بەپێی ئەو ئامارانە دەركەوتووە ژنان و گەنجان زیاتر تووشی حاڵەتەكانی گۆشەگیری و نیگەرانی بوون.
ئەو وڵاتانەش كە ژمارەیەكی زۆری تووشبوون و مردنیان هەبووە و كەرەنتین و ڕێوشوێنی تەندروستی توندیان گرتووەتەبەر ڕێژەی تووشبوون بە گۆشەگیری و نائارامی و نیگەرانییان تیابەرزبووە.
سەرپەرشتیاری سەرەكی توێژینەوەكە ڕوونیكردەوە، ئەنجامی توێژینەوەكە كە لە گۆڤاری The Lancet بڵاوكراوەتەوە تیشكی خستووەتەسەر “پێویستیی زۆر بە بەهێزكردنی سیستمی تەندروستیی مێشك بە ئامانجی چارەسەری زیادبوونی ئەو گرفتانە”.
بەر لە بڵاوبوونەوەی پەتاكە ئامارەكان ئاماژەیان دەكرد بۆ ڕوودانی 193 ملیۆن حاڵەتی گۆشەگیری و 298 ملیۆن حاڵەتی نیگەرانی، بەڵام توێژینەوەكە ئاماژەیە بۆ بەرزبوونەوەی حاڵەتەكە بەڕێژەی 28% و 26% لەسەر یەك لە ساڵی ڕابردوودا، هەروەك توێژی ژنان پشكی گەورەیان لەو زیادبوونە بەردەكەوێت.
توێژینەوەكە پشتی بە 48 توێژینەوەی پێشتر بەستووە كە زۆرینەیان لە ئەوروپای ڕۆژئاوا (22)، ئەمریكای باكوور (14)، ئوسترالیا (5)، ئاسیا و زەریای هێمن (5)، ڕۆژهەڵاتی ئاسیا (2) و ئەوروپای ناوەند (1) بوون.
توێژینەوەكە ئەوەی ڕوونكردووەتەوە كە كەسانی تەمەن كەم زیاتر تووشی گرفتەكانی پەیوەندیدار بە مێشك بوونەتەوە بەراورد بە تەمەنە گەورەكان.
توێژەران دان بەوەشدا دەنێن كە كارەیان سنووردابووە بەهۆی كەمی ئاماری ئاست باڵا دەربارەی كاریگەرییەكانی پەتاكە لە زۆرێك لە ناوچەكانی جیهان، بەتایبەت لە وڵاتانی داهات مامناوەند و كەمەكان، بەهۆیەوە پێویستە ئەنجامی توێژینەوەكە بە وردی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.