ئەمریکا پەسەندی کرد.. ژەمی سێیەمی ڤاکسین بۆ سەرجەم پێگەیشتووان تەندروستە؟

دوای ئەوەی ڕۆژی هەینی دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا وەرگرتنی ژەمی ‏سیێەمی ڤاکسینی کۆرۆنای بۆ سەرجەم پێگەیشتووان پەسەندکرد، زانایانی پزیشکی ‏وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە کە ئایا وەرگرتنی ژەمی سێیەمی ڤاکسینەکە بۆ سەروو ‏تەمەنی 18 ساڵ تەندروستە؟

زانایانی بواری پەتا گواستراوەکان ناکۆکن لەسەر وەرگرتنی ژەمی سێیەمی ڤاکسینی ‏کۆرۆنا بۆ سەرجەم پێگەیشتووان، هەندێکیان پێیانوایە ئەوانەی دوو ژەمی تەواوی ‏ڤاکسینیان وەرگرتووە، کاریگەرییەکی تەواوی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی نیشانە ‏توندەکانی ڤایرۆسەکە و گیانلەدەستدان بەهۆی پەتاكەوە، ئەو بەشەی پسپۆڕان دەڵێن، ‏برەودان بە دەنگۆی ژەمی سێیەمی ڤاکسین ئەو کەسانە دەیكەن کە پێیانوایە ڤاکسینەکان ‏ناتوانن کاریگەرییان لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا هەبێت. ‏

بەشێکی دیکە لە زانایانی پەتاناسی پاڵپشتیی تەواوی وەرگرتنی ژەمی سێیەمی ڤاکسینەکە ‏دەکەن. ‏

ئەمریکا ڕۆژی هەینی لە دوایین ڕاگەیەندراوی دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەو ‏وڵاتەدا ڕەزامەندیی سیستمی تەندروستی بۆ وەرگرتنی ژەمی سێیەمی ڤاکسین لەلایەن ‏سەرجەم پێگەیشتووانەوە نیشاندا.‏

بەشێکی زانایان بەپشتبەستن بە داتاکان دەڵێن، ئێستا کاتی وەرگرتنی ژەمی سێیەمی ‏ڤاکسینە دژی کۆرۆنا دوای ئەوەی شەش مانگ بەسەر دووەم ژەمی ڤاکسینەکەدا ‏تێدەپەڕێت، بەڵام بەشێکی دیکەیان مەترسییان لەو هەنگاوە هەیە و باس لەوە دەکەن، ‏وەرگرتنی دوو ژەمی ڤاکسینەکە بەتەواوی کاریگەرە لەسەر ڤایرۆسەکە.‏

ڤینسینت ڕاجکۆمار پرۆفیسۆر لە “مایۆ کلینیک” لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمریکا ‏ڕایگەیاند، بەپێی دوایین بەڵگە بەردەستەکان کە تاقیکردنەوەیەکی کۆمپانیای فایزەرە و ‏لەسەر 10 هەزار کەسی سەروو 16 ساڵ ئەنجامدراوە، وەرگرتنی ژەمی سێیەمی کۆرۆنا ‏ئاستی بەرگریی جەستە دژی ڤایرۆسەکە بۆ 95.6% بەرزدەکاتەوە. ‏

هەروەها ئیسرائیل هەڵمەتێکی بەرفراوانی کوتان بە ژەمی سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆنای ‏دەستپێکردووە، بەمەبەستی پاراستنی زیاتر لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا و گۆڕاوی دەلتا، ‏لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتی تەندروستیی بەریتانیا ئاشکرایکردووە، وەرگرتنی سێیەم ژەم ‏دەتوانێت ئاستی بەرگری دژی ڤایرۆسەکە بەرزبکاتەوە زیاتر لەوەی دوو ژەم وەردەگرن. ‏

سیلین گۆندەر پسپۆڕی نەخۆشییە گواستراوەکان لە زانکۆی نیویۆرک ڕای جیاوازی هەیە ‏و پێیوایە ژەمی سێیەم پێویست نییە، ئەو پسپۆڕە پرسیاری ئەوە دەكات، “ئەوان دەیانەوێت ‏لەڕێگەی ژەمی سێیەمەوە چوونە نەخۆشخانە و مردن بە پەتاکە کەمبکەنەوە یان دەیانەوێت ‏ڤایرۆسەکە بنبڕ بکەن؟” دەڵێت، دیارە ژەمی سێیەم ناتوانێت ڤایرۆسەکە بنبڕ بکات، کەواتە ‏باشترین و تەندروستترین ڕێگا بۆ کەمکردنەوەی چوونە نەخۆشخانە و گیانلەدەستدان ‏کەمکردنەوەی بەرکەوتن و ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە.‏

بابەتی پێشتر

پاشماوەی جەنگ لەم مانگەدا 19 سوریی كردووەتە قوربانی

بابەتی دواتر

فیۆرنتینا 4-3 میلان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share