ئەمریکا یەکەم دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەفغانستان ئەنجامدەدات

دوو بەرپرسی باڵای ئیدارەی جۆ بایدن ئاشکرایانکردووە، شاندێکی ئەمریکی لەگەڵ نوێنەرانی دیاری تاڵیبان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کۆدەبنەوە، بڕیارە کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ شەممە ئەنجامبدرێت و سبەینێش بەردەوامیی هەبێت.

ئەوە دەبێتە یەکەم کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی بەرپرسانی هەردوولا لەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و کۆنترۆڵکردنی وڵاتەکە لەلایەن بزوتنەوەی تاڵیبانەوە.

دوو بەرپرسە ئەمریکییەکە باسیان لەوەکردووە، کە بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە، ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەڵەتیی ئەمریکا و ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریکا پێکهاتوون.

شاندە ئەمریکییەکە دەیەوێت فشار لەسەر تاڵیبان دروستبکات سەبارەت بە دڵنیایی ڕێڕەوێکی پارێزراو بۆ هاوڵاتییانی ئەمریکی و وڵاتانی دیکە تاوەکو ئەفغانستان بەجێبهێڵن هەروەها ئازادکردنی ئەو هاوڵاتییە ئەمریکییەی دەستبەسەرکراوە بەناوی مارک فریرچز.

بەپێی دوو بەرپرسە ئەمریکییەکە، یەکێکی دیکە لەو پرسانەی کە گرنگییەکی زۆری دەبێت لە کۆبوونەوەکەدا پابەندبوونی تاڵیبانە بە بەڵێنەکانی، ئاگادارکردنەوەیان لەوەی ئەمریکا چاوپۆشی لەوەناکات جارێکی دیکە ئەفغانستان ببێتە ناوەندێک بۆ گەشەی ئەلقاعیدە یان هەر گروپێکی دیکەی توندڕەو.

هەروەها فشار لە تاڵیبان دەکەن تاوەکو هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بگەیەنرێتە هاوڵاتییان لە حاڵەتی ڕووبەڕووبوونەوەی بە قەیرانی ئابوری.

زاڵمای خەلیلزاد نوێنەری تایبەتیی ئەمریکا لە ئەفغانستان یەکێک دەبێت لە ئەندامانی شاندەکە، پێشتریش یەکێک بووە لەوانەی گفتوگۆی لەگەڵ تاڵیباندا کردووە، هەروەها کەسایەتییەکی سەرەکی دانوستانی ئاشتی بووە لەگەڵ تاڵیبان.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ڕایگەیاند، “ئەو کۆبوونەوە و گفتوگۆیانە پەیوەندیی نییە بە دانپێدانانی ئەمریکا بە حکومەتی تاڵیبان، هەموومان دەزانین دانپیدانان و شەرعیەتپێدان پەیوەستە بە ڕەفتار و کردارەکانی بزوتنەوەکە”.

بابەتی پێشتر

هەڵمەتی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕاگیرا

بابەتی دواتر

توێژینەوەیەك: كۆرۆنا ڕێژەی گۆشەگیری و نیگەرانی لە جیهاندا زیادكردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share