كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە کاتژمێر 7:00ی بەیانییەوە پرۆسەی دەنگدان دەستپێدەکات و لە کاتژمێر 6:00ی ئێوارەدا بنکەکانی دەنگدان دادەخرێن.
لە ڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ سێشەممە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویكردەوە، ئاماژە بەوە کراوە، ڕۆژی 10ی تشرینی یەکەم پرۆسەی دەنگدان لە کاتژمێر 7:00ی بەیانی لە سەرتاسەری عێراق دەستپێدەكات و لە کاتژمێر 6:00ی ئێوارەدا کۆتاییدێت.
باسی لەوەشكردووە، “دوایین وادەی نوێکردنەوەی زانیاریی دەنگدەران ئەمڕۆیە”.
هەروەها كۆمسیۆن داوایكردووە دەنگدەران سەردانی نزیکترین ناوەندی تۆماربکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتری.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی كۆمسیۆن، “هەموو ئەوانەی لە دەنگدانی تایبەت دەنگدەدەن بەهیچ شێوەیەک ناتوانن لە دەنگدانی گشتی بەشداربن.”
ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو 10ی تشرینی یەکەم، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت و زیاتر لە 24 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی 329 ئەندامی پەرلەمان.