کونسوڵی ئێران لە هەولێر بەبۆنەی چوارەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مام جەلالەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە، دەڵێت، “مام جەلال ڕۆڵێکی بێوێنەی هەبوو لە دروستکردنی یەکڕیزی لە نێوان توێژە جیاوازەکانی عێراق لە نەتەوەیی، ئایینی و تایفییەوە”.
لە پەیامەکەی نەسروڵا ڕەشنودی کونسوڵی ئێران لە هەولێر هاتووە، “خوالێخۆشبوو بەڕێز جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق و ڕابەری یەکێتیی نیشتمانی، کە یەکێک بوو لە ڕابەرانی تێکۆشان لە دژی ڕژێمی بەعس، ڕۆڵی بێوێنەی هەبوو لە پێکەوەژیانی نەتەوەیی، ئایینی و تایفی”، ئەو ڕۆڵە بە تایبەتمەندی لە ژیانی سیاسی وکەلتووری و کۆمەڵایەتیی مام جەلالدا ناودەبات و دەڵێت، “دەکرێت ئەو تایبەتمەندییانە وەک تایبەتمەندییە بەرجەستەکانی ئەو دابنرێت”.
نەسروڵا ڕەشنودی نووسیویشیەتی، “یاد و بیرەوەریی چوارەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ئەو بەڕێزە، لەگەڵ بەڕێزان بافڵ و قوباد تاڵەبانی کوڕانی خوالێخۆشبوو و ھاوسەرە بەڕێزەکەیان و خەڵکی عێراق و بەرپرسان و ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانی و ڕابەران و خەڵکی ھەرێمی کوردستان، بەرز ڕادەگرین و ئارەزووی سەرکەوتن و سەربەرزیمان ھەیە بۆ پەیڕەوانی”.