پەروەردەی سلێمانی: داوا لە مامۆستایان دەکەین لە ئەمڕۆوە دەرگای قوتابخانەکان بکەنەوە

بەڕێوبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە وەکالەت، ئەمڕۆ سێشەممە 27ی تشرینی یەکەم، ڕایگەیاند کە بەردەوامیدان بە بایکۆت لەلایەن مامۆستایانەوە مەترسییە بۆ سەر شکستی پرۆسەی خوێندن.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، عومەر محەمەد ئەمین، بەڕێوبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە وەکالەت ڕایگەیاند، “لە هەر وڵاتێکدا خوێندن هۆکاری پێشکەوتن و گەشەپێدانە، بۆیە نابێت خۆمان لەو بەرپرسیارێتییە مێژووییە بدزینەوە، چونکە تاکبەتاکی ئەم کۆمەڵگایە بەرپرسیارە لە شکستی پرۆسەی خوێندن”.

بەڕێوبەری پەروەردەی سلێمانی بەوەکالەت وتیشی، “داوادەکەین سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگەکان دەرگاکانیان بکەنەوە بۆ تەواوکردنی پرۆسەی خویندن لەکاتی خۆیدا، چونکە درێژەدان بە بایکۆت پرۆسەی خوێندن دەخاتە مەترسییەوە”.

“لەگەڵ ئەوەشدا دەستپێکردنەوەی خوێندن دەبێت بە گرتنەبەری سەرجەم ڕێکارە تەندروستییەکانی خۆپارێزی بێت لە ڤایرۆسی کۆرۆنا” عومەر محەمەد ئەمین وای وت.

پەروەردەی سلێمانی بە چەند مەرجێک جەختی لە بەردەوامی پرۆسەی خوێندن کردەوە:

یەکەم: لەگەڵ سەرجەم داوا ڕەواکانی مامۆستایانداین بەتایبەت گرفتی دواکەوتنی موچە.

دووەم: داواکارین بەڕێوەبەر و مامۆستایان بە هاوکاری دایکان و باوکانی قوتابیان کاربۆ چارەسەری گرفتەکان بکەن.

سێیەم: بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە هەماهەنگی و هاوکاریی تەواوی قوتابخانەکان دەکات بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانیان.

چوارەم: داوا لە بەڕێوەبەران و مامۆستایان دەکەین کۆتایی بە بایکۆت بهێنن و دەرگای قوتابخانەکان بکەنەوە.

بەڕێوبەری پەروەردەی سلێمانی بە وەکالەت ڕایگەیاند کە پەروەردەمان هەیە بەتەواوی دەوام دەکەن و پەروەردەشمان هەیە بە تەواوی بایکۆتە.

عومەر محەمەد ئەمین ئاماژەی بەوەشکرد کە دەستکێش و ماسک و ئامێری پێوانی پلەی گەرمی جەستە بۆ سەرجەم خوێندنگەکان دابینکراوە.

وتیشی، هەر خوێندنگەیەکی تایبەت کە پابەندی ڕێکارەکانی خۆپاریزی لە کۆرۆنا نەبێت بەپێی ئەو ڕێکارانەی وەزارەت دایناوە سزا دەدرێن.

عومەر محەمەد ئەمین باسیلەوەکرد کە لە ڕۆژی 1ی تشرینی دووەم لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکان کۆدەبنەوە و بەپێی هەڵسەنگاندنیان بۆ دۆخەکە و ژمارەی توشبووان بڕیاری خۆیان دەدەن.

بابەتی پێشتر

بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی بریکاری دوو وەزارەت دەستبەکار بوون

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ڕوونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share